لانیکەم 7 کەس لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل دا لە غەززە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی ئاسمانیی شەوی رابردووی ئیسرائیل دا بۆ سەر نێوەڕاستی کەرتی غەززە، لانیکەم حەوت کەس کوژران، کە چواریان منداڵ و یەکێکیشیان ژنە.
هێرشەکە خانوویەکی کەمپی ئاوارەکانی مەغازی لە نزیک شاری دێربەلەح کردە ئامانج. تیمەکانی فریاکەوتن تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی خانووەکە دەرهێنا و گواستیاننەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەقسا.
هەروەها رۆژی دووشەممە، لانیکەم 19 کەسی دیکە لە چەند هێرشێکی دیکەی ئاسمانیی ئیسرائیل دا بۆ سەر شارەکانی غەززە و خان یوونس، کوژران.
نەخۆشخانەی ئەقسا یەکێکە لە دوایین نەخۆشخانەکان کە مابێتەوە. ئێستا بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل فەرمانی بە چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری داوە، نەخۆشخانەکەش بە چۆڵی دەبینرێت.
ئەو ئاوارانەی پەنایان بردبووە بەر نەخۆشخانەکە، لە ترسی بۆردوومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، چۆڵیانکردووە.
ئیسرائیل بەنیازە هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر شاری دێربەلەح، واتە ئەو ناوچەیەی کە نەخۆشخانەکەی لێیە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپای ئیسرائیل فەرمانی بە چۆڵکردنی 84٪ـی خاکی کەرتی غەززە کردووە و ئێستا 90٪ـی خەڵکی ناوچە فەلەستینییەکە، دەربەدەرن کە هەندێکیان چەندینجار لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەربەدەر بوون.