دوو وەزارەتی تورکیا تۆمەتەکانی 'فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل' رەتدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی بەرگری و بازرگانیی تورکیا لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا تۆمەتەکانی "بازرگانیی چەک لەگەڵ ئیسرائیل" رەت دەکەنەوە و دەڵێن، هیچ رێککەوتن و بازرگانییەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
لە کاتێکدا جەنگی غەززە بەردەوامە، بەشێک لە ماڵپەڕەکان و ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیا لە تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە تەقەمەنی، کەرەستەی سووتێنەر و پارچەی چەک لە تورکیاوە هەناردەی ئیسرائیل دەکرێت. هەردوو وەزارەتی بازرگانی و بەرگریی تورکیاش راگەیێندراوی نووسراویان لەو بوارەوە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئەو هەواڵانەی بە هەوڵدان بۆ چەواشەکردنی رای گشتی ناوبرد و وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەش رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل نییە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، "کردەوە تووندوتیژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامن و سوپای ئەو وڵاتە نەخۆشخانە، قوتابخانە، شوێنەکانی پەرستن، کەمپی ئاوارە و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، "کۆماری تورکیا کە هەمیشە پاڵپشتیی فەلەستین بووە، نابێت هیچ چالاکییەک بکات کە زیان بە فەلەستینییەکان بگەیێنێت. لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگریی نیشتمانی هیچ چالاکییەکی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، لەوانەش راهێنانی سەربازی و هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری".
پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە ساڵی 1949 دەستیپێکرد، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا زۆرجار گرژییان تێکەوتووە.