نەتەنیاهوو هەمواری دەسەڵاتی دادوەری دوادەخات بەڵام دەستی لێ هەڵناگرێت
رووداو دیجیتاڵ
لەژێر گوشاری جەماوەریدا، ئەمڕۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموارکردنی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی دوادەخات، بەڵام جەختی کردەوە کە دەستی لێ هەڵناگرن و لە کاتێکی دیکەدا دەیانچەسپێنێت.
دوای ئەوەی کە نەتەنیاهوو نیازی خۆی بۆ چەند هەموارێکی دادوەری راگەیاند، کە وادەکەن دەسەڵاتی دادگەی باڵای وڵاتەکە کەمبێتەوە، نزیکەی نیو ملیۆن خەڵك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆپێشاندانیان کرد، چونکە ئۆپۆزیسیۆن و دژبەرانی هەموارەکان پێیانوایە، ئەو هەموارانە دەستکراوەیی زیاتر بە نەتەنیاهوو دەدەن و دەسەڵاتی دادگەی باڵای بەسەردا کەمدەکەنەوە.
ئەمڕۆ، نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا رایگەیاند: "لە روانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە وڵات، بڕیارمدا دەنگدانەکە دوابخەم، بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بە گفتوگۆکردن بدەم."
بەگوتەی نەتەنیاهوو، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی ئیسرائیل - کنێسێتدا دەنگ لەسەر هەموارەکان نادرێت، بەڵکو دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، لە دانیشتنەکانی داهاتوودا، دەخرێتە دەنگدانەوە.
نەتەنیاهوو گوتی، ئەو "ئاگاداری گرژییەکان"ـە و "گوێ لە خەڵک" دەگرێت.
کۆشکی سپیی ئەمریکا پێشوازی لە قسەکانی نەتەنیاهوو کرد. کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی: "ئێمە پێشوازی لەم راگەیێندراوە دەکەین و بە دەرفەتێکی دەزانین بۆ رەخساندنی کات و بواری زیاتر بۆ سازش. سازان ئەو شتەیە کە داوامان کردووە."
وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو هێزە سەربازییە یەدەگانەی وڵاتەکەی، کە وەک ناڕەزایێک دژی پلانی حکومەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەری رەتیانکردەوە بگەڕێنەوە نێو سوپا، نەتەنیاهوو گوتی: "وڵاتی ئیسرائیل ناتوانێت لەگەڵ ئەو خەڵکە بەردەوام بێت، کە خزمەتکردن لە نێو سوپادا رەتدەکەنەوە. رەتکردنەوە کۆتایی وڵاتەکەمانە."
ئەگەرچی نەتەنیاهوو رایگەیاند، دەنگدان لەسەر هەموارەکان دوادەخات، جەختی لەوە کردەوە کە گرنگن و وازیان لێ ناهێنێت. نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، کە دەنگدانی دووەم و سێیەم لەسەر هەموارەکان دەخاتە دوای جەژنی "پەڕینەوە" لە مانگی نیساندا بۆ ئەوەی "دەرفەتی راستەقینە بۆ گفتوگۆێکی راستەقینە" بڕەخسێنێت.
داوای کۆتاییهێنان بە مانگرتن دەکرێت
ئارنۆن باردەیڤد، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ئیسرائیل دوای گوتارەکەی نەتەنیاهوو داوایکرد کۆتایی بە خۆپێشاندان بهێنرێت.
ئارنۆن باردەیڤد، چەند ساتێکی کەم دوای گوتارەکە بە میدیای ئیسرائیلی گوت: "مانگرتنی گشتی لەم ساتەوە کۆتاییهات."
بەڵام هۆشداریشیدا: "ئەگەر سەرۆکوەزیران بگەڕێتەوە سەر یاسا پێشلکارەکە، ئەوا ئێمە لە بەردەم خۆیدا دەبینێتەوە. یاسادانانی بێ رەزامەندی، بە مانگرتنی گشتی وەڵامدەدرێتەوە."