وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین: ئیسرائیل 6 کەسی لە کەرتی رۆژئاوا کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی دەسەڵاتی فەلەستین رایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل رۆژی شەممە، لە کەرتی رۆژئاوا شەش کەسیان کوشتووە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، پزیشکێکی تەمەن 25 ساڵ لە بەردەم ماڵەکەی لە ناوچەی قەبەتییە لە نزیک جنین کوژرا. هەروەها فەلەستینیێکی دیکە لە ناوچەی بیرە لە نزیک رامەڵڵا کوژراوە.
 
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی دەسەڵاتی فەلەستین، سەربازانی ئیسرائیل هەروەها چوار فەلەستینی دیکەیان لە شاری جنین کوشت، دوای ئەوە کە بە ژمارەیەکی زۆری تانک و زرێپۆشەوە هەڵیانکوتایە سەر شارەکە، کە بەم دواییانە بووەتە "شوێنی خوێناویترین" هێرشەکانی 20 ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچە فەلەستینییەی رۆژئاوای رووباری ئوردن. 
 
شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە رۆژی شەممە، سوپای ئیسرائیل گەمارۆی نەخۆشخانەی جنین و نۆرینگەی ئیبن سینایان لە کەرتی رۆژئاوا دابوو و سەربازەکان ئەمبوڵانسەکانیان دەپشکنی. هەروەها باسیان لەوە کرد، کە ئیسرائیل تەقەیەکی زۆری لە ناوچەکە کردووە. 
 
لە دوای هێرشی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماسەوە بۆ سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کەرتی رۆژئاوا زیادبوونێکی بەرچاوی تووندوتیژییەکانی بەخۆوە بینیوە. 
 
وەکو وەزارەتی تەندروستیی دەسەڵاتی فەلەستین باسی دەکات، لەو کاتەوە نزیکەی 230 فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا بە دەستی جووە هاوردەکان و سەربازانی ئیسرائیل کوژراون.