بەرپرسانی حەماس دەڵێن شاندەکەیان بێ رێککەوتن قاهیرەیان جێهێشتووە
رووداو دیجیتاڵ
گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بێ رێککەوتن کۆتاییهات. حەماس دەڵێت، شاندەکەی قاهیرەی جێهشتووە.
بەرپرسێکی ئەو بزووتنەوەیە ئاماژە بەوە دەکات، حەماس ئەو مەرجە نوێیانەی رەتکردوونەتەوە کە ئیسرائیل بۆ رێککەوتنەکە زیادیکردبوون و تەنیا بەو رێککەوتنە رازییە کە دووی تەممووز خراوەتەڕوو.
عیزەت ریشق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شاندی حەماس شەوی رابردوو "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نێوەندگیرانی میسری و قەتەری و ئاگاداربوون لە ئەنجامی دوایین گەڕی دانوستاندن، قاهیرەی جێهێشت."
بە گوتەی ریشق، حەماس داوای کردووە ئیسرائیل پابەند بێت بەو "نێوەڕۆک"ـەی لە 2ـی تەممووز لەسەری رێککەوتبوون، کە مەبەست لێی ئەو پێشنیازەیە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا خستییەڕوو و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشتیوانیی لێکرا.
بەرپرسە فەلەستینییەکە دەڵێت، "حەماس جەخت لە ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی" پلانەکەی بایدن دەکاتەوە.
ریشق باس لەوە دەکات، هەڵوێستی حەماس ئەوەیە هەر رێککەوتنێک بکرێت، پێویستە "ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی هێزە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە، ئازادیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ئاوەدانکردنەوە و رێککەوتنێکی جیدی بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی" بارمتە ئیسرائیلییەکان بە بەندکراوە فەلەستینییەکان لەخۆبگرێت.
ئیسرائیل سوورە لەسەر هێشتنەوەی هێزەکانی بە درێژایی سنووری نێوان غەززە و میسر کە بە رێڕەوی فیلادیلفی ناسراوە؛ هەروەها بە گوتەی بەرپرسانی حەماس، ئیسرائیل دەیەوێت چیدیکە دەروازەی رەفەح لە لایەن فەلەستینییەکانەوە بەڕێوەنەبردرێت.