سەرچاوە خۆجێییەکان: هەشت چەکداری لایەنگری ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە دێرەزوور کوژران


رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، 9 کەس لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە شاری دێرەزووری سووریا کوژران، کە یەکێکیان خەڵکی سووریا و 8ی دیکەیان چەکداری ئێرانین. 

چالاکڤانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دیار نییە کێ هێرشە ئاسمانییەکەی کردووە، بەڵام زانیاریی هەیە کە سەرکردەیەکی ئێرانی بەهۆیەوە کوژراوە.  
 
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشەکە چەند کاژێرێک دوای ئەوە هاتووە کە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئێرانی لە دێرەزوور نیشتووەتەوە و ژمارەیەک ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانی گەیاندووەتە ئەو شارە. 
 
هێرشەکە ڤێلایەکی لەنێو دێرەزوور بەئامانجکردووە، کە جگە لە کوژرانی 9 کەسەکە، 20ی دیکەش بریندار بوون. 
 
چالاکڤانان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکەی نەناسراو هەروەها لە ناوچەی مەیادین و دوو بارەگای گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و بارەگایەکی ناوچەی عەباس و یەکێکی دیکەی ناوچەی فیلات لە دێرەزوور بۆردوومانکردوون.