سێنتکۆم: مووشەکێکی حووسییەکانمان تێکشکاند

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مووشەکێکی حووسییەکانیان لە کەنداوی عەدەن تێکشكاندووە. 
 
سێنتکۆم دەڵێت، "نزیکی کاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی سەنعا، حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە لە یەمەن بەرەو کەشتیی تێکشکێنەریی یوو ئێس ئێس کارنی لە کەنداوی عەدەن هاویشت".
 
بە گوتەی هێزە ئەمریکییەکە، هەر هەمان کەشتی کە لە جۆری ئارلەی بێرک و هەڵگری مووشەکی جڵەوکراوە، واتە ئەو مووشەکانەی کە ئاراستەکەی بە گوێرەی جووڵەی ئامانجەکەی دەگۆڕێت، مووشەکی حووسییەکانی خستووەتە خوارەوە بێ ئەوەی "زیانێکی ماددی یان گیانی" لێ بکەوێتەوە. 
 
ئەرکی کەشتییە ئەمریکییەکە پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکانی کەنداوی عەدەنە. 
 
ئەمە دوایینی ئەو هێرشانەیە کە لە دوای جەنگی غەززەوە حووسییەکان دەستیانپێکردووە بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور و سنوورە ئاوییەکانی دەوروبەری. 
 
هێزی ئۆپەراسیۆنە دەرییاییەکانی بەریتانیا کە چاودێریی رێڕەوە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، پێشتر رایگەیاندبوو، هێرشەکە لە باشووری رۆژئاوای شاری عەدەن روویداوە. 
 
ئەمریکا و بەریتانیا تاوەکو ئێستا ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لە یەمەن، وڵاتێک کە بەهۆی شەڕی نێوخۆیەوە لە ساڵی 2014ـەوە پەرێشان بووە. 
 
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، حووسییەکان چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، تۆڵەسەندنەوەیە لە ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەشی کە دژی غەززە پشتیوانی لێ دەکەن. 
 
هێرشەکانیان بوونەتە هۆی پەککەوتنی رێڕەوە بازرگانییە گرنگەکە کە ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و 15٪ی بازرگانیی دەریایی جیهانیی پێدا دەرباز دەبێت. 
 
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی دژیان، حووسییەکان رایانگەیاندووە، لەمەودوا هێرش دەکەنە سەر کەشتییە ئەمریکی و بەریتانییەکانیش. 
 
رۆژی چوارشەممە، دوو کەشتیی هەڵگری ئاڵای ئەمریکا، کە بارەکەیان بۆ وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا دەگواستەوە، کەوتنە ژێر هێرشی حووسییەکان. هێزی دەریایی ئەمریکا درۆن و مووشەکەکانیان خستەخوارەوە.