لەسەر ئاگربەست، حەماس و ئیسرائیل یەکدی تۆمەتبار دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بەهۆی "مەرجی نوێ"ـی ئیسرائیل، ئاگربەست لە غەززە دواخراوە؛ ئیسرائیلیش دەڵێت، حەماس "کۆسپی نوێ" دەخاتە بەردەممان و ئەوان "درۆ دەکەن."
 
رۆژی (چوارشەممە، 25-12-2024)، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "گفتوگۆکانی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە لە دەوحە بە شێوەیەکی جیدی بەردەوامن؛ بەڵام داگیرکەر [ئیسرائیل] مەرجی نوێی بۆ ئاگربەست، بەندکراوەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان داناوە، ئەمەش بووەتە هۆی درەنگکەوتن و دواخرانی ئاگربەست".
 
حەماس روونی نەکردەوە مەرجە نوێیەکان چین، ئیسرائیلیش لێدوانی لەسەر هیچ مەرجێکی نوێ نەبووە و راینەگەیاندووە. 
 
لەلایەکی دیکە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دووبارە خەریکی درۆکردنە و کۆسپ و تەگەرەی نوێ دەخاتە نێو گفتوگۆکان".
 
 ئەمڕۆ چوارشەممە، یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی جیاوازدا ئاماژەی بەوە کرد،کۆنترۆڵی ئاسایشی کەرتی غەززە بەدەست ئەوان دەمێنێتەوە و "کار بۆ بەزاندنی حەماس و گەڕاندنەوەی رفێندراوان دەکەین".
 
دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا بەردەوامن. گفتوگۆکان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچن و هێشتا هیوا بە راگەیاندنی ئاگربەست ماوە.
 
دووشەممەی رابردوو، 23-12-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: "هەندێک بەرەوپێشچوون لە دانوستاندنەکان هەیە."
 
رۆژێک دواتر، نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، نوێنەرانی ئیسرائیل لە قەتەرەوە بە "دانوستاندنی زۆر باشەوە" گەڕانەوە.
 
هەفتەی پێشوو، حەماس و دوو گرووپی چەکداریی فەلەستینی کە (جیهادی ئیسلامی و بەرەی گەل بۆ ئازادیی فەلەستین) بوون؛ لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان: "ئێستا ئاگربەست لە هەموو کاتێکی دیکە نزیکترە." ئەوکات سێ گرووپەکە رایانگەیاند، ئیسرائیل هیچ مەرجێکی نوێی نییە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حەماس دووپاتی دەکاتەوە لەژێر رۆشنایی ئەو گفتوگۆ جیدی و ئەرێنییانەی ئەمڕۆ لە ژێر سەرپەرشتیی برایانی قەتەری و میسری بەڕێوەچوو، ئەگەرێکی زیاتر بۆ رێککەوتن، گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان هەیە."
 
رۆژێک پێش ئەوە، لە دووشەممە، بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەستی غەززە گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر. سەردانی شاندەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، رۆژی 11ـی ئەم مانگە، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی هەواڵگریی ئیسرائیل سەردانی قەتەری کرد. 
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لەدوای ئاگربەستەکەی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، "هیچ کاتێک شاندی ئیسرائیل ئەوەندە لە رێککەوتنی ئاگربەست نزیک نەبوون."
 
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، دەستیپێکردووە، چەندین جار بەهۆی کۆسپی جیاوازەوە رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان شکست دەهێنێت. تاکە جار دوو لایەنەکە لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتبن، کۆتایی ساڵی 2023 بوو کە تەنیا یەک هەفتەی خایاند.
 
کێشەیەکی دیکەی ئەو ئاگربەستە، حوکمڕانیی غەززەی دوای جەنگە. ئەو کێشەیە پرسی سەرەکیی نێو سەرکردایەتیی فەلەستینیشە. ئیسرائیل بەردەوام گوتوویەتی، رێگە بە حەماس نادات جارێکی دیکە ئەو کەرتە بەڕێوەبەرێت. 
 
هەفتەی پێشوو، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵی ئەمریکی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "پێش بەزاندن و کۆتایی پێهاتنی حەماس، رێگە بە راگرتنی جەنگ نادەم. رێگە بە حەماس نادەم لە غەززە بمێننەوە کە تەنیا 48 کیلۆمەتر لە تەلئەڤیڤ دوورە، شتی وا روونادات."  
 
نەتەنیاهوو بەردەوام باسی ئەوەی کردووە کە نایەوێت سەربازەکانی لە رێڕەوی فیلادێلفیا لە غەززە بکشێنێتەوە کە هاوسنووری میسریشە، ئەمەش مەرجێکی سەرەکیی حەماس و خاڵی پێکنەگەیشتنی ئیسرائیل و بزووتنەوە فەلەستینییەکەیە.
 
ئاگری جەنگی غەززە لە هێرشێکی لەناکاوی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل، لە دەورووبەری غەزە کڵپەی سەند. ئەو رۆژە ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم هەزار و 208 کەس لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیش بە بارمتە بران.
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، هێشتا 96 بارمتە لەلای حەماس لە غەززە ماون و "34ـیان کوژراون."
 
ئیسرائیل بۆ رۆژی دواتر جەنگی راگەیاند و بەڵێنی وەڵامێکی تووندی دا، بەگوێرەی تەندروستیی غەززە تاوەکو ئێستا، 45 هەزار و 361 کەس کوژراون، کە زۆربەیان سڤیلن.