غەززە کریسمسێکی خوێناوی بەڕێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە یادی کریسمسدا بۆردوومانەکانی سەر غەززە نەوەستان و تەندروستیی ئەو ناوچەیە دەڵێت، لە بۆردوومانەکانی دوێنی شەوی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژران، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و 10 کەس لە کوژراوەکان ئەندامی یەک خێزان بوون.
رۆژی دووشەممە، 25-12-2023، کە یادی لەدایکبوونی پەیامبەر عیسایە (د.خ.) و کریستیانەکان بەم بۆنەوە ئاهەنگ دەگێڕن. تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لە بۆردوومانەکانی دوێنی شەوی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژران. بەگوێرەی چەند دانیشتوویەک کە بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە نیوەشەودا دەستیان پێکرد و تاوەکو بەیانیی رۆژی دووشەممە بەردەوام بوون، بەگوێرەی ئەو هاووڵاتییانە بۆردوومانەکان لە کەمپی بورەیج بوون لە نێوەڕاستی غەززە.
دوای هێرشەکان، مانگی سووری فەلەستینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیاندا دەردەکەوێت چەند بریندارێک بەرەو نەخۆشخانە دەبردرێن. مانگی سوور رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل بە بۆردوومان و بۆمب هێرشیان کردە سەر رێگە سەرەکییەکانی نێوەڕاستی غەززە و رێگەی ئەمبوڵانسەکانیان گرت.
تەندروستیی غەززە لە راگەیێندراوێکی جیادا بڵاویکردەوە، لە خان یونس 18 کەس لە ئەنجامی هێرشێکدا کوژران.
فلیپۆ گراندی، سەرۆکی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "شەڕ لۆژیک و مرۆڤایەتی دەبەزێنێت و داهاتوویەکی پڕ لە رق و خاڵیی لە ئاشتی ئامادە دەکات. ئاگربەست تاکە رێگەی هەنگاوی داهاتووە."
کریسمسێکی ساردوسڕ
بەیت لەحم، کە دەکەوێتە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، زێدی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسایە (د.خ.) و، ساڵانە کریستیانێکی زۆر لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ یادکردنەوەی کریسمس رووی تێدەکەن، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی شەڕەوە ئەو شارە کریسمسێکی سارد و سڕی بەڕێکرد.
دکتۆر مونزیر ئیسحاق، قەشەیەکە لە کەنسیەی مەهد و ئاماژە بەوە دەکات، "جیهان ئێستا بە شێوازی جیاواز یادی کریسمس دەکاتەوە، بە جۆشەوە ئاهەنگ دەگێڕن و داری کریسمس دەڕازێننەوە، بەڵام لە زێدی کریسمسدا، منداڵان لەژێر داروپەردوو دەردەهێندرێن، خەڵك ئاوارە دەبن. ماڵ وێران دەبن. هیوادارین جیهان روو لە ئازاری فەلەستینییەکان بکات. ئەمەش لەپێناو گەڕاندنەوەی دادپەروەریی دەستبەجێ بۆ ئەم خاکە و لەپێناو ئاگربەستی پێویستدا ئەم کارە بکەن."
دوێنێ یەکشەممە، پاپا فرانسیز، پاپای ڤاتیکان لەکاتی رێوڕەسمی کریسمس لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند، "ئەمشەو دڵمان لەگەڵ بەیت لەحمە کە تێیدا شازادەی ئاشتی [عیسای مەسیح (د.خ.)] شەڕی رەتکردەوە."
لە بەیت لەحم چەند کریستیانێکی فەلەستینی بە هەڵکردنی مۆم یادی ئەو رۆژەیان کردەوە. فادی سایغ، کریستیانێکە لە غەززە دادەنیشێت، مۆڵەتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی بچنە بەیت لەحم و یادی کریسمس بکەنەوە، گوتی، "ئەمساڵ هیچ خۆشییەک نییە، داری کریسمس نییە، رازاندنەوە نییە، خوانی ئێوارە نییە و ئاهەنگیش نییە."
نەبیلە سەڵاح لە کەنیسەی پیرۆزی کاسۆلیکی غەززەیە دەڵێت، "هەموو ئاهەنگەکانی کریسمس هەڵوەشاونەتەوە. ئێمە چۆن ئاهەنگ بگێڕین، لەکاتێکدا گوێمان لە دەنگی بۆردوومان و تانکە لەبری ئەوەی گوێمان لە دەنگی زەنگوڵەی کریسمس بێت؟"
'هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە شەڕکردن'
رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "شەڕی غەززە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرباز و سوپاکەمان."
قسەکانی نەتەنیاهوو دوای ئەوە دێن؛ سوپای وڵاتەکەی کوژرانی 17 سەربازی لە سێ رۆژدا راگەیاند. نەتەنیاهوو هەروەها گوتی، "هەرچەندە لەژێر باجێکی قورسداین، بەڵام جگە لە شەڕکردن، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە. ئەم شەڕە درێژە دەکێشێت."
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەنیا دوێنێ هەشت سەرباز و ئەمڕۆش 2 سەربازی دیکەیان لە غەززە کوژراون.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، کۆی گشتی سەرباز و ئەفسەرە کوژراوەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەکەوە گەیشتە 485 کەس کە 158ـیان دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکە کوژراون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، "بەهەموو هێزەوە تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبین، تاوەکو سەرکەوتن بەدەستدەهێنین و هەموو ئامانجەکانمان دەپێکین کە بریتییە لە: لەنێوبردنی حەماس، گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکانمان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە نابێتەوە هەڕەشەیەک بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل."
ئەشکەنجە و لێدان
رۆژی یەکشەممە، 24-12-2023، سێ هاووڵاتیی فەلەستینی کە یەکێکیان کارمەندی تەندروستییە ئاشکرایان کرد، "لەو ماوەیەی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بووین، ئەشکەنجە دەدراین."
سوپای ئیسرائیل هەر زوو وەڵامی ئەوانی دایەوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
ئەو هاووڵاتییانە لەگەڵ سەتانی دیکە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی بە حەماس و گرووپەکانی دیکەوە دەستگیرکرابوون.
مەروان حەمس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەکە لە شاری رەفەح و گوتی، "دوێنێ (یەکشەممە) 20 کەس لە زیندانەکانی ئیسرائیل رزگارکران، بەشێکی جەستەیان مۆر ببوو و ئاوسابوو. ئەوانمان رەوانەی نەخۆشخانەی نەجار کرد."
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "دەستبەرسەرکراوەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و ئاو و خۆراکی تەواویان پێدراوە."
زیاتر لە 20 هەزار و 400 کوژراو
بە گوێرەی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 20 هەزار و 424 فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل کوژراون، کە لانیکەم هەشت هەزاریان منداڵ و شەش هەزار و 200ـیان ژنن.
جەنگەکە لە 7ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردوگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بەگوێرەی نوێترین ئاماری ئیسرائیل، هەزار و 139 کەس کوژران، هەروەها نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتە گیران، کە هێشتا 136ـیان لە غەززە ماون.
رۆژی شەممە حەماس رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە، پەیوەندییان بە تیمی سەرپەرشتیکردنی پێنج لەو بارمتانەوە نەماوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە دەکرێت کوژرابن.