ئیمارات سێ کەس لەسەر کوشتنی حاخامە ئیسرائیلییەکە دەستگیر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیمارات دەڵێت، سێ گومانلێکراویان لەسەر کوشتنی حاخامێکی ئیسرائیلی - مۆڵدۆڤی دەستگیر کردووە.
 
ئیسرائیل کوشتنی ئەو حاخامە بە هێرشێکی "تیرۆریستیی دژە سامی" دادەنێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات بڵاویکردەوە، "لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانیمان ئەو سێ تاوانکارە دەستگیر بکەین کە دەستیان لە کوشتنی" زڤی کۆگندا هەبووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی یەکشەممەیدا وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات دەڵێت، "بەپێی بەڵگەنامەکانی، کۆگن هاووڵاتییەکی مۆڵدۆڤییە و وەکو دانیشتوویەک لە ئیمارات ژیاوە."
 
پێش ئەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیران و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە کرد، تەرمی حاخامە 28 ساڵییەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیماراتەوە دۆزراوەتەوە.
 
ئەو حاخامە کە وڵاتینامەی ئیسرائیل و مۆڵدۆڤیای هەبوو، لە ئیمارات دەژیا و وەکو نوێنەری بزووتنەوەی شاباد حەسیدیچ کاری دەکرد، کە رێکخراوێکی جووی ئۆرسۆدۆکسە و لە سەرانسەری جیهان چالاکیی هەیە.
 
ساڵی 2020، ئیمارات لەگەڵ بەحرێن و مەغریب پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکردن.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە لە دەستپێکی کۆبوونەوەیەکی حکومەتەکەیدا گوتی، "کوشتنی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی و ئەندامێکی شاباد هێرشێکی تیرۆریستیی دژە سامیی تۆقێنەرە."
 
هەروەها کۆشکی سپی رۆژی یەکشەممە کوشتنی حاخامەکەی سەرکۆنەکرد و بە "تاوانێکی دڕندانە" ناویبرد و داوایکرد ئەوانەی بەرپرسن، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە.
 
شۆن ساڤت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەوە لە هەمان کاتدا هێرشە بۆ سەر ئیماراتیش."
 
بەرپرسانی ئیمارات و ئیسرائیل هیچ وردەکارییەکیان لەسەر چۆنێتیی کوژرانی کۆگن نەخستووەتەڕوو.
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاندووە، دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی کۆگن بگەڕێنرێتەوە ئیسرائیل.
 
بزووتنەوەی شاباد رایگەیاندووە، تەرمەکەی لە ئیسرائیل بەخاک دەسپێردرێت.
 
"نامرۆڤایەتیی دوژمنانی جووەکان"
 
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل کوشتنی پیاوە ئاینییەکەی بە "هێرشێکی شومی دژە سامی" ناوبرد کە "نامرۆڤایەتیی دوژمنانی جووەکان" پێشاندەدات.
 
هێرزۆگ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کوشتنی حاخامەکە "نابێتە رێگر لە بەردەم بەردەوامبوونمان لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەی جووەکان لە ئیمارات یان هەر شوێنێکی دیکە."
 
مۆڵدۆڤا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەی لە ئەبوزەبی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە هاوئاهەنگیدان و "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن."
 
مۆڵدۆڤا تەنیا ئاماژەی بە بێسەروشوێنبوونی کۆگن کردووە و باس لە مردنی ناکات.
 
ئیسرائیل هۆشداری بە ئیسرائیلییەکان دا سەردانی ناپێویست بۆ ئیمارات نەکەن و داواشیکرد، ئەوانەی لە میرنشینەکەن هۆشیار بن.
 
"مێرگێکی ئارام"
 
ئیمارات کە زۆرینەی دانیشتووانی ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا بیانین، پار ناوەندێکی هاوبەشی ئایینەکانی لە ئەبوزەبی کردەوە کە مزگەوت، کەنیسەیەک و پەرستگەیەکی جووەکانی تێدایە.
 
ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئیمارات رۆژی یەکشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا گوتی، وڵاتەکەیان "مێرگێکە بۆ سەقامگیری و کۆمەڵگەیەکە بۆ یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیان" بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە کۆگن نەکرد.
 
هیچ ئامارێکی فەرمی نییە ژمارەی راستەقینەی جووەکان لە ئیمارات نیشانبدات، بەڵام ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییەی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، گوتی نزیکەی دوو هەزار هەڵگری وەڵاتینامەی ئیسرائیلی لەو وڵاتە دەژین، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بە ئایین جوون "دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە."
 
جەنگی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بووەتە هۆی زیادبوونی تووڕەیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
رۆژی یەکشەممە لە ئوردن پیاوێک کوژرا، دوای ئەوەی لە عەممان تەقەی لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل کرد و سێ پاسەوانی بریندارکرد. حکومەتی ئوردن رووداوەکەی بە "هێرشی تیرۆریستی" هەژمارکرد.