حەماس ئەمشەو کۆمەڵەی دووەمی بارمتەکان ئازاد دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی - حەماس، پشتڕاستیکردەوە کە ئەم شەو کۆمەڵەی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات. قەتەریش دەڵێت، حەماس 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 7 هاووڵاتیی بیانی، ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی کە 33 منداڵ و شەش ژنن، ئازاد دەکات.
 
حەماس ئێوارەی شەممە رایگەیاندبوو کە بەهۆی "پابەندنەبوونی" ئیسرائیل بە بەندەکانی رێککەوتنی نێوانیان، بڕیاریداوە ئازادکردنی بارمتەکان دوا بخات، بەڵام دواتر رایگەیاند کە بەدەم هەوڵەکانی قەتەر و میسرەوە چووە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بدات. 
 
حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی - حەماس، وەڵامی هەوڵە بەنرخەکانی میسر و قەتەری دایەوە "کە بە درێژایی رۆژ بەردەوام بوون بۆ درێژەدان بە رێککەوتنی ئاگربەستی کاتی، دوای ئەوەی کە میسر و قەتەر پابەندبوونی  داگیرکار[ئیسرائیل]ـیان بە تەواوی مەرجەکانی رێککەوتنەکە پێگەیاندین."
 
هاوکات ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دوای دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئازادکردنی دیلەکانی هەردوولا، لە رێگەی پەیوەندییەکانی قەتەر و میسر لەگەڵ هەردوولا، بەربەستەکان بچووککرانەوە و ئەمشەو 39 سڤیلی فەلەستینی لە بەرامبەر 13 دەستبەسەرکراوی ئیسرائیلی لە غەززە ئازاد دەکرێن."
 
ئەنساری ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، حەماس بڕیاریداوە "7 هاووڵاتیی بیانیش" ئازاد بکات. 
 
بە گوتەی ئەنساری، ئەو فەلەستینیانەی ئەمشەو لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاددەکرێن، 33ـیان منداڵ و 6ـیان ژنن، ئەو بارمتانەشی لە لایەن حەماسەوە لە غەززە ئازاددەکرێن، 8یان منداڵ و 5یان ژنن.

 

پێشتر حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە رێگریکردن لە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە و تەقەکردن لەو خەڵکەی کە هەوڵدەدەن لە باشوورەوە بڕۆن بۆ باکووری غەززە. 
 
ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) رۆژی شەممە، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لەو خەڵکەکە کردووە کە بەرەو باکوور رۆشتوون و گازی فرمێسک رێژیان لە دژ بەکارهێناون، دەگوترێت لانیکەم کەسێک کوژراوە و دەیانی دیکە بریندار بوون."
 
ئیسرائیل رۆیشتنی خەڵکی لە باشوور بۆ باکووری کەرتە فەلەستینییەکە قەدەخە کردووە.  وەزارەتی تەندروستیی غەززەش گوتی، رۆژی شەممە لە رووداوی لەو شێوەیەدا 7 کەس بریندار بوون. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل رەتیانکردووەتەوە هیچ بەندێکی رێککەوتنەکەیان پێشێڵکردبێت. دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئێوارەی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جەختیکردەوە کە ئەوان "پابەندن بە هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە" و دەیانەوێت هەموو بارمتەکان بگەڕێننەوە. 
 
شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستێکی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیێندرا. 
 
لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، 13 ئیسرائیلی،  10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی لە لایەن حەماسەوە ئازاد کران، ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا نزیکەی 215 بارمتە لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام نازانرێت چەندیان زیندوون و چەندیان مردوون.
 
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە بە نێوەندگیریی سەرەکیی قەتەر کراوە، پێشبینی دەکرێت حەماس بە گشتی 50 بارمتە ئازاد بکات لە بەرامبەر 150 زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەندکراون. 
 
حەماس 7ـی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و هەزار و 200 کەسی کوشت، کە زۆربەیان سڤیل بوون، هەروەها زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گرت، ئەمە وەک ئیسرائیل باسی دەکات. 
 
دوای ئەوە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کرد، کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 15 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.