گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەیرووت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هەڵوەشێنرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەکی زۆری گەشتیار رۆژی یەکشەممە، لە فڕۆکەخانەی بەیرووت گیریانخوارد دوای ئەوەی کە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، گەشتەکانیان هەڵوەشێنرانەوە یان دواخران. 
 
ئیلهام شوقەیر، کە بەنیازی گەشتکردن بوو بۆ ئەمریکا، گوتی: "کاژێر 4:30ی بەیانی هاتین بۆ ئەوەی کاژێر 8:00ی بەیانی گەشتبکەین بەڵام پێیانگوتین گەشتەکە هەڵوەشێنراوەتەوە."
 
ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە، هێرشی ئاسمانی کردە سەر لوبنان و رایگەیاند، هێرشێکی بەرفراوانی حیزبوڵڵای پووچەڵکردووەتەوە. بزووتنەوە لوبنانییەکەش رایگەیاند، هێرشێکی مووشەکی فراوانی کردووەتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی تۆڵەی فوئاد شوکر، فەرماندەی باڵای خۆی بکاتەوە کە مانگی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا. 
 
بە شەڕی نیمچە رۆژانەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە هەردوو دیوی سنوورەکە، مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانی وەک ئەوەی 2006 زیادیکردووە. 
 
لەو جەنگەدا ئیسرائیل فڕۆکەخانەی بەیرووتی بۆردوومانکرد، کە تاکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی سڤیلی لوبنانە. 
 
رۆژی یەکشەممە، ژمارەیەکی زۆری گەشتیارەکان لە نێو شوێنی رۆیشتووان لەسەر زەوی دانیشتبوون، لە کاتێکدا شوێنی گەیشتووان چۆڵ بوو. 
 
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی Air France رایگەیاند، گەشتەکانی یەکشەممە و دووشەممەی بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت هەڵدەوەشێنێتەوە، روونیشیکردەوە کە درێژکردنەوەی رێکارە بەندە لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
هەروەها کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی ئوردن و ئیتیحادی ئیماراتی رایانگەیاند، هەموو گەشتەکانیان بۆ نێو دەرەوەی لوبنان هەڵوەشاندووەتەوە.  
 
رۆژی هەینی، کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانیش راگرتنی گەشتەکانی بۆ نێو و دەرەوەی بەیرووت تا 30 ئەیلوول درێژکردەوە. 
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی لوبنان رۆژی یەکشەممە، جەختیکردەوە کە فڕۆکەخانەکە "بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکات" وێڕای ئەوەی هەندێ گەشت هەڵوەشێنراونەتەوە. 
 
راگەیێندراوێکی فەرمانگەکە دەڵێت، "هیچ راستییەک" بۆ دەنگۆی هەڵوەشانەوەی تەواوی گەشتەکان نییە. 
 
چەند هەفتەی رابردوو، ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ بەیرووت راگەیاندبوو، کە بەشێکیان دواتر دەستیانپێکردنەوە.