لە "هێرشێکی ئیسرائیل" بۆ سەر سووریا دوو چەکداری حیزبوڵڵا کوژران

رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەیەکی سووریا لە نزیک سنووری لوبنان، دوو چەکداری حیزبوڵڵا "بە درۆنی ئیسرائیلی" کوژران. لە هەفتەیەکدا ئەمە سێیەم هێرشە بۆ سەر حیزبوڵڵا لە سووریا.
 
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا ئەمڕۆ (شەممە، 25-05-2024) رایانگەیاند "درۆنێکی ئیسرائیلی دوو مووشەکی ئاراستەی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی حیزبوڵڵا کرد، کە لە رێگە بوون بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازیی زەبعە لە شارۆچکەی قوسەیری پارێزگەی حومس."
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، "دوو چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون."
 
ئەمە سێیەم هێرشە لەماوەی هەفتەیەکدا لە دژی حیزبوڵڵا لە سووریا. رۆژی دووشەممەی رابردوو، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی قوسەیر کە لە نزیک سنووری لوبنانە، "هەشت سەربازی لایەنگری ئێران کوژران."
 
لە هێرشێکی دیکەدا، لە 18-05-2024، "فەرماندە و چەکدارێکی حیزبوڵڵا کرانە ئامانج."
 
سوپای ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکانی سەر سووریا دەدات، بەڵام بەبەردەوامی رایگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران خۆی لە سووریا بەهێز بکات.
 
لە رووداوێکی دیکەدا و بەپێی میدیای فەرمیی سووریا کە لەسەر زاری بەرپرسێکی پۆلیس رایگەیاندووە، "لە گەڕەکی مەزە لە دیمەشق بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و کەسێک کوژرا." پۆلیس و میدیای سووریا هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
 
مانگی پێشوو، لە رووداوێکی هاوشێوە لە هەمان گەڕەکی پایتەختی سووریا لە دووریی کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە باڵیۆزخانەی ئێران، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جیپ) تەقییەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.
 
کانوونی دووەمی 2024ـیش، میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل "هێرشی کردە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە دیمەشقی پایتەخت. هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەک لە گەڕەکی مەزە لە ناوچەی سەییدە زەینەب لە باشووری رۆژهەڵات بوو".
 
سوپای پاسداران دواتر رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشەکەی بە فڕۆکە کردووە. بەپێی هەواڵی کەناڵی سوپای پاسداران کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاویکردەوە، لەو چوار کەسەی کوژران، دووانیان لە فەرماندەکانی فەیلەقی قودس بوون بە ناوەکانی حاج سادق ئومیدزادە (حوجەتوڵا ئومێدوار)، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری ئەمنی، لەگەڵ جێگرەکەی بە ناوی حاج غوڵام موحەڕەم (عەلی ئاقازادە).
 
ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و زیاتر لە 50 هێرشی بۆ سەر سووریا ئەنجامداوە.