عێراق و سعودیە هاوئاهەنگی لە کەرتی کشتوکاڵدا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی سعودیە تاوتوێی زیادکردنی هاوئاهەنگییەکان لە کەرتی کشتوکاڵ و گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن. گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەڵێت، پێشبینی دەکرێت یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پەیوەست بە کاری ژینگەیی لەنێوان عێراق و سعودیە واژۆ بکرێت.
 
حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 24-05-2023 عەباس عەللاوی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە شاری جەددە، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بریکاری وەزیری کشتوکاڵی سعودیە کۆبووەوە.
 
مەجید باسی لەوە کرد، هەردوو بەرپرس باسیان لە ئاسۆکانی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ کردووە.
 
ئەو گوتەبێژە ئەوەشی خستەڕوو، "خواستێکی گەورە لەلایەن هەردوولاوە هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و کارکردن بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی خورما و ماسی."
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، هاوتەریب لەگەڵ دیدگەی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوئاهەنگی لەنێوان عێراق و سعودیە هەیە. دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پەیوەست بە کاری ژینگەیی لەنێوان عێراق و سعودیە واژۆ بکرێت، ئەمەش جگە لە چالاککردنەوەی یاداشتنامەکانی پێشووی لێکتێگەیشتن لەم بارەیەوە.