حووسییەکان: هێرشێکی مووشەکیمان کردە سەر تەلئەڤیڤ


رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکان دەڵێن، هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر تەلئەڤیڤ و بەرپرسانی ئیسرائیلیش دەڵێن، مووشەکەکەیان خستووەتە خوارەوە. 
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پێگەیەکی سوپای ئیسرائیلییان لە بەندەری یافا لە تەلئەڤیڤ بە مووشەکێکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
 
گوتەبێژەکەی حووسییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان "بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕەنگێزییەکانی ئیسرائیلی-ئەمریکی-بەریتانی" ئامادەن. 
 
هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، شکستییان بەو هێرشە هێناوە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە کراوە. 
 
سوپاسی ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، مووشەکەکە کاژێر 02:00ـی بەیانی بە کاتی تەلئەڤیڤ [کاژێر 01:00 بەکاتی هەولێر] ئاراستە کراوە، بەوهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری ئیسرائیل لێیداوە. 
 
دەزگای فریاگوزاری سەرەتایی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی ژنێک. 
 
هێرشە مووشەکییەکە دوای رۆژێک لە هێرشێکی دیکەی درۆنی حووسییەکان هات کە بە دوو درۆن هێرشییان کردە سەر شاری تەلئەڤیڤ و ئەشکیلۆنی ئیسرائیل. 
 
هەروەها رۆژی 21ـی ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە خستنەخوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکان شکستیان هێناوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوو و بەو هۆیەوە 16 کەس "بە سووکی" بریندار بوون.