ژمارەی کوژراوانی غەززە گەیشتە 44 هەزار و 211 کەس
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 44 هەزار و 211 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە 13 مانگی جەنگدا کوژراون و 140 هەزار و 567ی دیکەش برینداربوون.
هەروەها ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، شەوی رابردوو هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 11 کەس.
ئیسرائیل لە 6ی تشرینی یەکەمەوە دەستی بە هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر جەبالیا و دواتر بەیت لاهیا کردەوە.
بە گوێرەی بەرگریی شارستانیی غەززە، شەوی رابردوو، ئیسرائیل بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەی کەمال عەدوان و بەڕێوەبەرەکەی بریندارکردووە.
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر نەخۆشخانەکانی غەززە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: "زۆر نیگەرانی سەلامەتی تەندروستیی 80 نەخۆشی نەخۆشخانەی کەمال عەدوانین، لە نێویاندا 8 کەسی ژێر چاودێریی چڕ."
رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتنی خەڵکی سڤیلی غەززەی لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، 70٪ـی کوژراوان ژن و منداڵن.
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بە ژمارەیەک پێشێلکاریی ئیسرائیل دژی یاسای نێودەوڵەتی دەکات. ئیسرائیل رەخنەی تووند لە راپۆرتەکە دەگرێت.
جەنگی غەززە وایکردووە دانیشتووانی کەرتەکە رووبەڕووی برسێتی ببنەوە، بە جۆرێک لە 2.2 ملیۆن هاووڵاتیی غەززە، 1.8 ملیۆنیان لە برسیێتیی توند دان و رۆژانە یەک ژەم خواردنیان دەست دەکەوێت.