دوای دزەکردنی بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی پێنتاگۆن، ئیسرائیل هێرشی سەر ئێران دوادەخات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی پلانی ئیسرئیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەنێو بەڵگەنامەکانی پێنتاگۆن دزەیپێکرا، راپۆرتێکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت، ئیسرائیل ناچاربووە هێرشەکە دوابخات بۆ ئەوەی پلانێکی نوێ دابنێت. 
 
راپۆرتەکە بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەکی هەواڵگری، ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل پێوایە، ئێران بە شێوازی هێرشەکەی زانیوە و خۆی بۆ ئامادە کردووە، بۆیە بەرپرسانی ئیسرائیلی دەیانەوێت ستراتیجێکی نوێ دابنێن بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت خۆی لە زیانی هێرشەکە رزگاربکات. 
 
رۆژنامەی تایمز باس لەوە دەکات، ئیسرائیل پلانێکی نوێی ئامادە کردووە بەڵام دەیەوێت راهێنانی سەربازیی لەسەر بکات پێش ئەوەی جێبەجێی بکات. 
 
سەرچاوەکە بە رۆژنامە بەریتانییەکەی راگەیاندووە: "دزەکردنی بەڵگەنامەکانی ئەمریکا بووە هۆی دواخستنی هێرشەکە چونکە پێویست بوو هەندێ ستراتیج و بڕگە بگۆڕدرێن. هێرشی تۆڵەسەندنەوە هەر دەکرێت، بەڵام کاتێکی زیاتری پێچوو لەوەی پێویست بوو."
 
بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی پێنتاگۆن سەرەتا رۆژی هەینی، لە تەلەگرام بڵاوکرانەوە و دواتر بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەلایەن هەژمارە ئێرانییەکانەوە بڵاوکرانەوە. 
 
FBI سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی هۆکاری دزەکردنەکە ئاشکرابکات کە ئایا بە مەبەست بڵاوکراونەتەوە یانیش ئێران بە هاککردن دەستیخستوون. 
 
بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە ئیسرائیل دەیەوێت مووشەکی بالیستی دوور مەودا لە فڕۆکە جەنگییەکانییەوە لە ئێران بدات، کە دەتوانن ئامانجی سەر زەوی و ژێرزەوی لەنێوببەن. هەروەها درۆنی پێشکەوتووی ئامادەکردووە کە دەتوانن بە مەودایەکی دوور و بۆ ماوەیەکی درێژ بفڕن و بگەنە ئاسمانی ئێران و گورز بوەشێنن. بەڵام لە بەڵگەنامەکاندا دەردەکەوێت ئەمریکا هێشتا نازانێت ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر کوێی ئێران. 
 
ئیسرائیل بە داواکاریی واشنتن رازیبووە بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە نەوتییەکانی ئێران تاوەکو جەنگی سەرتاسەری روونەدات، لە کاتێکدا دوو هەفتە ماون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و واشنتن نایەوێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵۆزتربێت. 
 
ئێران لە 1ی ئەم تشرینی یەکەم، بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی  هێرشیکردە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەڕاڵێکی خۆی، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بکاتەوە. 
 
ئیسرائیل بەڵێنی داوە وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەردانی بنکەی ئاسمانی حەتسەریمی کرد لە بیابانی نەقەب و جەختیکردەوە کە ئیسرائیل تۆڵە لە ئێران دەکاتەوە و جیهان بۆی دەردەکەوێت هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەندە. 
 
گاڵانت بە سەربازەکانی گوت: "دوای ئەوەی کە هێرشمان کردە سەر ئێران، ئەوان لە ئیسرائیل و شوێنەکانی دیکەش تێدەگەن کە ئامادەکارییەکانتان بۆ چی بووە."