لە بەیرووت پەنابەرانی سووریا لەنێو باڵەخانەی سینەما دەمێننەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، باڵەخانەی یەکێک لە کۆنترین و باشترین سینەماکانی بەیرووتی لوبنانە. ئێستا بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کراوەتە پەناگە.
 
نزیکەی 30 کەس کە زۆربەیان پەنابەرانی سووریایین لەنێو سینەماکە دەمێننەوە.
 
عەبدولڕەحمان یەکێکە لەو سووریایانەی کە دوای تێکچوونی دۆخی شاری سووری لوبنان رووی لە سەیدا کردووە، بەڵام بەگوتەی خۆی تەنیا لەبەر ئەوەی سووریایی بووە، نەیانهێشتووە لە کەمپ بمێنێتەوە.
 
عەبدولرەحمان مەنسوور، هاووڵاتی سووریایە و دەڵێت: "کاتێک کە دۆخەکە لە سور تێکچوو، چووینە شاری سەیدا و ماوەیەک لە قوتابخانەیەک ماینەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی سووریا بووین، ناچاریان کردین قوتابخانەکە جێبهێڵین".
 
ئەوانەی لە سینەماکە دەمێننەوە ئاماژە بە خراپی دۆخییان دەکەن و دەڵێن، پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە.
 
لەوەتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا دەستیپێکردووە نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس لە لوبنان ئاوارە بوون، لەو ژمارەیەش بەشێکیان سووریاییەکانی دەربەدەربووی لوبنانن.
 
جومانە حەنەفی، هاووڵاتی سووریا دەڵێت: "من لەگەڵ منداڵەکانم چوومە شاری سور، شەوێک لەوێ ماینەوە، بەڵام هیواخوازم ئەوەی من لەوێ بینیم هیچ کەسێک نەبینێ. تەنیا یەک شەو لەوێ ماینەوە و شەوی دواتر هاتینە ئێرە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە لەجیاتی ئەوەی لەسەر جادە بمێنینەوە، لێرە لەو پەناگەیە دەمێنینەوە".
 
ژمارەی کۆچبەرانی سووریایی لە لوبنان بە 1.5 ملیۆن کەس دەخەملێندرێت و لەوەتەی دۆخی لوبنانیش بەرەو ئاڵۆزی چووە، زیاتر لە 300 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.