خامنەیی: سنوار تاوەکو دوایین ساتی ژیانی شەڕی کرد

رووداو دیجیتاڵ 

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەسنی یەحیا سنوار دەکات و دەڵێت: "کەسانی وەکو ئەو ئاراستەی مێژوویان گۆڕیوە و دۆخی ناوچەکە ئێستا جۆرێکی دیکەیە. ئەو تاوەکو دوایین ساتی ژیانی شەڕی کرد."
 
رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باسی یەحیا سنوار، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتی: "ئەو تاوەکو دوایین ساتی ژیانی شەڕی کرد."
 
رۆژی 16-10-2024 چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەحی باشووری غەززە، چەند چەکدارێک دەبینن، دوای تەقەلێکردن و بۆردوومانکردنیان دەردەکەوێت سێ چەکدار کوژراون. بۆ رۆژی دواتر سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "گومان دەکرێت یەحیا سنوار کوژرابێت، پشکنینیی دی ئێن ئەی بۆ دەکرێت و ئەنجامەکەی بڵاودەکرێتەوە."
 
دوای چەند کاژێرێک، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سنواری بڵاوکردەوە و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوە کۆتایی جەنگ نییە، بەڵام ئەوە دەستپێکی کۆتاییە."
 
رۆژی هەینی، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی سنواری پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "یەحیا سنوار شەهید بوو، مەرجی ئازادکردنی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل لە غەززە بکشێتەوە."
 
خامنەیی لە تارانەوە قسەی کرد و سەرکۆنەی وڵاتانی رۆژئاوای کرد بەوەی پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکەن لە دژی غەززە. خامنەیی گوتی: "ئەوان [وڵاتانی رۆژئاوا] هیچ گوێ بەوە نادەن کە بە هەموو جۆرێک پارە لە هاووڵاتییەکانی خۆیان وەربگرن و بۆ کوشتنی منداڵانی ساوا بینێرن."
 
رێبەری باڵای ئێران گوتی: "لە رۆژئاوای ئاسیا لە لوبنان، غەززە و کەرتی رۆژئاوا کێشەی زۆر گەورە هەن. ئەوانە رووداوی مێژوویین و دەکرێت هەریەک لەو رووداوانە ئاراستەی مێژوو بگۆڕن. ئەگەر کەسانی وەکو شەهید سنوار پەیدا نەبوونایە، چارەنووسی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی دیکە دەبوو. ئەگەر سەرکردەی گەورەی وەکو سەید حەسەن نەسروڵڵا دەرنەکەوتبان، ئێستا بزووتنەوە جۆرێکی دیکە دەبوو، بەڵام دوای دەرکەوتنی ئەوان، شتەکان جیاوازن."
 
دوای سێ رۆژ لە کوژرانی سنوار، خامنەیی لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پاڵەوان و موجاهید، سەرکردە یەحیا سنوار چووە ریزی هاوڕێ شەهیدەکانی. یەحیا سنوار لە دژی دووژمنی نادادپەروەر و شەڕانگێز پۆڵا ئاسا وەستا.  لەدەستدانی یەحیا سنوار بۆ بەرەی مقاوەمە بەئازارە، بەڵام ئەو بەرەیە بە شەهیدبوونی سەرکردەکانی وەکو شێخ ئەحمەد یاسین، فەتحی شەقاقی، رەنتیسی و ئیسماعیل هەنییە نەوەستا و ئێستا بە شەهیدبوونی سنوار بچووکترین وەستان بەخۆیەوە نابینێت."
 
سەرکردە رۆژئاواییەکان لەوانەش ئەمریکا رایانگەیاند، کوشتنی سنوار دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گرژییەکان کۆتاییان پێبێت، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگ کۆتایی نەهاتووە و هێشتا رزگارکردنی بارمتەکان ماون.
 
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیک، لەو رۆژە نزیکەی 1200 کەس کوژران و 251 کە بە بارمتە بران. ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و جەنگ بەرپابوو. جەنگە وێرانکەرەکە هێشتا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە غەززە لانیکەم 42 هەزار کەس کوژراون.