ئیسرائیل هەڕەشەی دابڕینی بانکە فەلەستینییەکان و راگرتنی ناردنی پارە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل بەنیازە پەیوەندیی بانکەکانی فەلەستین بە بانکەکانی خۆی ببڕێت. گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری لە "قەیرانێکی مرۆیی" بەهۆی هەڕەشەکەی ئیسرائیلەوە دەدات.
 
جانێت یێلێن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "زۆر نیگەرانم لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل کە هەنگاوگەلێک بگرێتەبەر کە پەیوەندیی بانکە فەلەستینییەکان لەگەڵ بانکە ئیسرائیلییەکان ببڕێت."
 
یێلێن گوتی، "ئەم کەناڵە بانکییانە زۆر گرنگن [بۆ فەلەستین]. ساڵانە فەلەستین بایی نزیکەی 8 ملیار دۆلار کاڵا لە ئیسرائیلەوە هاوردە دەکات، وەکو کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و خۆراک. مامەڵەکانی ئەو هاوردەیە لەلایەن بانکەکانی فەلەستینەوە دەکرێت."
 
دەشڵێت، "بانکەکان ئاسانکاری بۆ فەلەستین دەکەن ساڵانە بایی ملیار دۆلاریش کاڵا هەناردە بکات، کە گوزەرانی فەلەستینییەکانی پێوە بەستراوەتەوە."
 
گوتەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی وڵاتانی ئەندامی G7 هات.
 
لەبارەی کاردانەوەی ئەو کۆمەڵەیە یێلێن دەڵێت، پێش چەندین مانگ بە نامە بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لە رەوشی ئابووریی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین ئاگادار کردووەتەوە.
 
جانێت یێلێن گوتیشی، "لەو باوەڕەدام دابڕینی بانکە فەلەستینییەکان قەیرانێکی مرۆیی دروست دەکات. بە دڵنیاییەوە ئەمە بۆچوونی ئێمەیە [وەکو ئەندامانی G7]."
 
بە گوتەی یێلێن، رەنگە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی G7 باس بکرێت، "پێشبینی دەکەم وڵاتانی دیکەش لە نیگەرانی دەرببڕن لە کاریگەریی بڕیارێکی لەو چەشنە لەسەر ئابووریی کەرتی رۆژئاوا."
 
دەشڵێت، "پێموایە ئەمە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنیی لەسەر ئیسرائیلیش هەبێت."
 
وەزیری گەنجینە جەختی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکاش کردەوە لەبارەی ئەگەری سڕکردنی پارەی کۆکراوەی دەسەڵاتی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە. دەشڵێت، "ئەمە هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووریی کەرتی رۆژئاوا دەکات."
 
بەپێی رێککەوتنی ئاشتی کە لە ساڵانی 1990ـکان بە نێوەندگیریی نەرویج لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیل کراوە، پارە و داهاتی دەسەڵاتی فەلەستین لە لایەن ئیسرائیلەوە کۆدەکرێتەوە و پێی دەدرێت.
 
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، ئیسرائیل پێدانی ئەو پارەیەی بە فەلەستین راگرتووە.
 
دوێنێ چوارشەممە، هەریەک لە نەرویج، ئێرلاند و ئیسپانیا رایانگەیاند، لە 28ـی ئەم مانگەوە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن. 
 
ئەمە ئیسرائیلی تووڕە کردووە؛ بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل هەڕەشەی راگرتنی ناردنی داهاتی باج بۆ فەلەستین و کۆتاییهێنان بە رۆڵی نەرویج لە گواستنەوەی پارەکان دەکات.