سێنتکۆم: مووشەکێکی حووسییەکانمان لە کەنداوی عەدەن خستەخوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا -سێنتکۆم رایگەیاند، ئەمڕۆ مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتیی حووسییەکانیان لە کەنداوی عەدەن خستووەتە خوارەوە.
سێنتکۆم لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، ئاماژەی بەوە کردووە، مووشەکەکە کاژێر 5:00ی ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی سەنعا، کە دەکاتە هەمان کاتی هەولێر، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانەوە هاوێژرابوو.
هێزە ئەمریکییەکە دەڵێت: "پێدەچوو مووشەکەکە ئاراستەی کەشتیی ئێم ڤی تۆرم تۆر کرابێت،" کە کەشتییەکی ئەمریکییە لە جۆری تانکەر، بەڵام کەشتیی سەربازیی ئەمریکا، یو ئێس ئێس مەیسن مووشەکەکەی خستووەتە خوارەوە.
بە گوتەی سێنتکۆم، نە کەشتییە بازرگانییەکە، نە سەربازییەکە هیچ زیانێکی پێنگەیشتووە و زیانی گیانیشی نەبووە.
هەر لە رۆژی شەممە، سێنتکۆم رایگەیاندبوو کە رۆژی هەینی، هێزی دەریایی ئەمریکا سێ هێرشی درۆنیی حووسییەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور تێکشکاندووە و حەوت مووشەکی کرووزی دژە کەشتیشی لەسەر وشکانی لەنێوبردووە پێش ئەوەی بهاوێژرێن.
وێڕای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر پێگەکانیان، حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە هێرشکردنەسەر دەریای سوور و کەنداوی عەدەن، کە رێڕەوی بازرگانیی گرنگی جیهانن.
حووسییەکان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەستیان بە هێرشەکانیان کرد بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە بە گوتەی خۆیان، پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن، پشتیوانی لە فەلەستینییەکانی غەززە بکەن کە لە ژێر هێرشی وێرانکەر و خوێناوی ئیسرائیلدان.
ئەمریکا و بەریتانیا چەند جارێک بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی هێرشی حووسیەکانیان داوەتەوە، لەو کاتەوە حووسییەکان رایگەیاندووە کە کەشتییەکانی سەربە ئەمریکا و بەریتانیاش دەکەنە ئامانج.