پزیشکانی بێسنوور: بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ژیانی خەڵکی غەززە بێمانایە

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش خۆشحاڵ نییە و دەڵێت 'ناردنی هاوکاری بەس نییە و ئاگربەستی دەستبەجێ پێویستە.' کۆمەڵەکە داوا لە حکومەتی ئەمریکا دەکات سەرنج بخاتە سەر راگەیاندنی ئاگربەست.
 
رۆژی شەممە (23-12-2023) کۆمەڵەی پزیشکانی بێسنوور (MSF) بڵاویکردەوە، "بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژیانی دانیشتووانی غەززە بێمانایە."
 
پزیشکانی بێسنوور زیاتر روونیکردەوە، پڕۆژە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش زۆر کەمترە لەوەی داوادەکرێت و لەوەی پێویستە لەو کەرتەدا. ئەوەی پێویستە بریتییە لە ئاگربەستێکی دەستبەجێ.  
 
ئاڤریل بێنیۆت، بەڕێوەبەری لقی ئەمریکای پزیشکانی بێسنوور گوتی، "ئیسرائیل بە جۆرێک شەڕ دەکات، کە دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا یەکناگرێتەوە."
 
بەگوێرەی بێنیۆت، بڕیاری "رێڕەوی مرۆیی بەپەلە و درێژخایەن لە سەرانسەری کەرتی غەززە بۆ چەند رۆژێک بۆ ئەوەی بتوانرێت دەست بە هاوکاریی مرۆیی تەواو، خێرا، سەلامەت و بێ بەربەست بگات" دەبوو هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە درابووایە نەوەک ئەوەندە کاتی پێبچێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرە ئەمریکییەکە گوتی، "داوا لە حکومەتی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم؛ هەموو سەرنجی خۆیان بخەنە سەر راگەیاندنی ئاگربەست و دڵنیابوونەوە لەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێن."
 
رۆژی هەینی، 22-12-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسایەک، بڕیاریدا هاوکاریی زیاتر بنێردرێتە غەززە.
 
پڕۆژەیاساکە دەنگی 13 ئەندامی بەدەستهێنا، ئەمریکا و رووسیا دەنگیان بە پڕۆژەیاساکە نەدا.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەش لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "بڕیارەکە هەنگاوێکی بەهێزە بۆ پێشەوە. ئەم ئەنجوومەنە دڵۆپێکی هیوای لە بەرامبەر دەریایەک ئازاردا بەخشی."
 
بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە، تێیدا هاتووە؛ لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە، 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسیێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونیی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.
 
بەمڕۆوە 77 رۆژ بەسەر جەنگی غەززەدا تێدەپەڕێت و تەندروستی غەززە لە نوێترین ئاماری لەبارەی ژمارەی کوژراوانی غەززە لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەڵێ زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتی لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە 7ـی تشرینی یەکەم کە حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک غەززە، 1200 کەس کوژران.