کۆشکی سپی: بایدن جەنگی ئیسرائیل و حەماسی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان تاوتوێ کرد

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا تاوتوێکردووە. 

لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی دا هاتووە، بایدن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا کردووە. 
 
کۆشکی سپی دەڵێت، "سەرکردەکان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی دژی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوای پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییان کرد، لە نێویاندا پاراستنی خەڵکی سڤیل".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو سەرکردانە دۆخی هاووڵاتییانی وڵاتەکانیان کە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکاندا گیریانخواردووە، تاوتوێکرد، "بە تایبەتی ئەوانەی کە دەیانەوێت غەززە جێبهێڵن."
 
کەرتی غەززە لە ژێر بۆردوومانی ئیسرائیلدا رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی سەخت بووەتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل گەمارۆی ئاو، خۆراک، سووتەمەنی و کارەبای خستە سەر کەرتەکە. 
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە 7ـی تشرینی یەکەم، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە و لانیکەم هەزار و 400 کەسیان کوشت کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. 
 
هەروەها سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەو کاتەوە 222 ئیسرائیلی وەک بارمتە لە لایەن حەماسەوە دەستگیرکراون.  
 
ئیسرائیل بۆردوومانی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی چوار هەزار و 741 کەس کە لانیکەم هەزار و 873یان منداڵ و هەزار و 23ـی دیکەیان ژنن. هەروەها زیاتر لە 14 هەزار کەس برینداربوون، ئەوە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە.  
 
کۆشکی سپی دەڵێت، بایدن و هاوپەیمانەکانی پابەندبوونی خۆیان دەربڕی بۆ هاوئاهەنگی کردن لەپێناو "بەردەستکردنی بەردەوام و سەلامەتی خۆراک، ئاو، چاودێریی تەندروستی و یارمەتییەکانی دیکەی پێویست بۆ دۆخی مرۆیی." 
 
ئەو سەرکردانە هەروەها ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی هاوئاهەنگیی دیپلۆماسی بکەن "بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکە، پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتیی نێوەڕاست و کارکردن لەپێناو چارەسەرێکی سیاسی و ئاشتییەکی درێژخایەن."
 
کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جەستن ترودۆی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا، جیۆرجیا میلۆنیی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و ریشی سووناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ بایدن بەشدار بوون.