گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: شەوی رابردوو چووینە نێو غەززە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، شەوی رابردوو سەربازەکانیان چوونەتە نێو سنووری غەززە "بۆ گەڕان بەدوای رفێندراوان و لەنێوبردن"ـی چەکدارانی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەشت شانەی تیرۆریستیمان لەنێوبردن کە هەوڵیاندەدا مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکەن."
ئەوە لە کاتێکدایە، کە رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سوپای ئیسرائیل سنووری کەرتی غەززەی بڕیوە، بەڵام چەکدارەکانی حەماس بەرپەرچیان داوەتەوە، زیانیان بە تانک و زرێپۆشەکانیان گەیاندووە و ناچاریانکردوون بگەڕێنەوە دەرەوەی غەززە.
بە گوێرەی کەتائیبی قەسام، ئەو هێزە ئیسرائیلییە بە کاروانێکی زرێپۆشەوە هەوڵیدابوو لە رۆژهەڵاتی خان یوونسەوە کە دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە، بچنە نێو کەرتەکە، لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی زەمینی بەرفراوان ئامادە دەکات.
راگەیێندراوەکەی کەتائیبی قەسام باسی لەوە کردووە کە "موجاهیدەکانمان بەرپەرچی هێزە سنووربەزێنەکەیان دایەوە، دوو بیلدۆزەر و تانکێکیان لەنێوبرد و هێزەکەیان ناچار کرد پاشەکشە بکەن."
هەگاری، هیچ ئاماژەیەکی بە زیانەکانی سوپای ئیسرائیل نەکرد، بەڵام گوتی، چەکدارە فەلەستینییەکان لە نێو کەرتی غەززە "کۆدەبنەوە و بۆسەمان بۆ دادەنێن. ئێمەش خاڵەکانی کۆبوونەوەیان بۆردوومان دەکەین."
گوتەبێژەکە هاوکات باسی لەوە کرد کە ئێستا خەمڵاندنەکەیان پێشانی دەدات کە 222 کەس لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون، لە کاتێکدا کە پێشتر بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو ژمارەیان 212 کەسە.
هەگاری ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک خەڵکی بیانی و خاوەن دوو وەڵاتینامە لە نێو دیل و بارمتەکاندان.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین رفێندراوان بە سەلامەتی بگەڕێنینەوە،" جەختیشی کردەوە "یەکێک لە ئامانجەکانی جەنگەکە، گەڕاندنەوەی رفێندراوانە."