لە هێرشی ئیسرائیلدا بۆسەر باشووری لوبنان حەوت کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا 7 کەس لە چەند شوێنێکی باشووری لوبنان کوژراون. بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی دەڵێت، 3 چەکداری لەنێو کوژراوەکاندان.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بڵاویکردەوە، "هێرشێکی درۆنی ئیسرائیلی دوژمن لە عەیتا شەعب بووە هۆی شەهیدبوونی 2 کەس، لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ".
بە گوێرەی وەزارەتەکە، 2 هێرشی دیکەی ئیسرائیل لە ناوچەکانی دیکەی باشووری لوبنان بوونەتە هۆی کوژرانی 5 کەسی دیکە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵاش بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، سێ چەکداریان لە گوندی تەیر حەرفا لە باشووری لوبنان کوژراون.
سوپای ئیسرائیل دەڵیت، فڕۆکەکانی "شانەیەکی تیرۆریستیان لەنێوبرد" کە نیازیان وابوو لە تەیر حەرفاوە مووشەک بگرنە ئیسرائیل.
بەیانیی رۆژی هەینی، حیزبوڵڵا گوتی، بنکەی سەربازیی میرۆنی لە باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج، ئەوەش "لە وەڵامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گوند و ماڵەکانی باشوور".
لە دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە 600 کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون، بەڵام 131 کەسی سڤیلیشیان لەنێودا بووە.