جۆن کێربی: بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، بەروەپێشچوون لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززەدا لە قاهیرەی پایتەختی میسر دروستبووە؛ داوا لە ئیسرائیل و حەماسیش دەکات بەرەو پێش هەنگاو بنێن.
کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە ویلیەم بێرنز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (سی ئای ئەی) بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندن لە قاهیرەیە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، گفتوگۆ دەستیپێکرد.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "بەرەوپێشچوون هەبووە. پێویستە هەردوو لا رێکبکەون و لەسەر جێبەجێکردن کار بکەن."
کێربی گوتیشی: "ئەو گفتوگۆ سەرەتاییەی شەوی رابردوو لە قاهیرە هەمان بوو، ئەرێنی بوو. پێویستە هەمان گڕوتین لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەردەوامبێت."
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئەو هەواڵانەشی رەتکردنەوە کە باس لە "داڕمانی" هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەم هەفتەیە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و گوتی کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەو نەخشەڕێیە رازیبووە کە ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە پێشنیازی کردووە.
کێربی گوتی، ئەمریکا پێیوایە نەتەنیاهوو هێشتا بە پێشنیازەکە رازییە، ئەمە وێڕای ئەوەی نەتەنیاهوو سوورە لەسەر هێشتنەوەی سەربازانی ئیسرائیلی لەسەر سنووری نێوان غەززە و میسر، کە واشنتن و قاهیرەش لەسەر ئەوە لەگەڵی ناکۆکن.
کێربی گوتی: "بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم ئاگربەستە بۆ خەڵکی غەززە چی دەکات. ماوەیەکی ئارام و دەرفەتی کۆتاییهاتنی جەنگ و توندوتیژی و خوێنڕشتنیان پێ دەدات."