داخستنی هەندێک لە دووکان و مۆڵەکانی یەمەن کاسبکارانی نیگەران کردووە
رووداو-سەنعا
هەرچەندە مەترسییەکانی کۆرۆنا ماون، بەڵام خەڵک لە سەنعای پایتەختی یەمەن چوونەتە بازاڕ و کەلوپەلی جەژن دەکڕن دەڵێن، کۆرۆنا ناتوانێت لە خۆشییەکانی جەژن بێبەشمان بکات.
لەلایەکی دیکەوە بڕیاری داخستنی هەندێک لە دووکان و مۆڵەکان کاسبکارانی نیگەرانکردووە، دەڵێن، هەرچەندە کاڵا و کەلوپەلیان بە گران کڕیوە، بەهەرزانیش دەیفرۆشنەوە خەڵک هەر نایانکڕن، دۆخی ئابووری خەڵک بەهۆی کۆرۆناوە سەخت بووە.
عەبدوڵڵا سەلایە، دانیشتوویەکی سەنعا بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە هاتینە بازاڕ تاوەکو جلوبەرگی تایبەت بە جەژنی رەمەزان بکڕین. کۆرۆنا هیچ رێگری لە ئێمە ناکات ئەگەر بێتو رێنماییە تەندروستییەکان لە دەمامەک، دەستکێش و شۆرینی دەستەکانمان پەیڕەو بکەین، ئەوەش نابێتە رێگر لە خۆشییەکانمان بە هاتنی جەژن".
وەزاح حەیدەر، دانیشتوویەکی دیکە لە سەنعای پایتەختی یەمەن بە رووداوی راگەیاند: "جلوبەرگەکان گرانن، گرانترن لەساڵانی رابردوو، نرخەکان زۆر بەرزن، بەڵام وەک ساڵانی رابردوو بازاڕەکان قەرەباڵخ نین، خەڵک زۆر زۆر کەمە. خەڵک پارەی پێ نییە و هەژاری زیادی کردووە".
دەسەڵاتی سیاسی لە سەنعا بڕیاریداوە بە داخستنی مۆڵ و فرۆشگەکان رۆژانە بۆ ماوەی 12 کاژیر، ئەوەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر بازرگانەکان.
نازم ئەحمەد، بازرگانێکی یەمەنی بە رووداوی راگەیاند: "بەسەر ئێمەدا سەپێندراوە کە رۆژانە لە کاژێر 6:00ی بەیانی تاوەکو 6:00 ئێوارە فرۆشگەکانمان بکەینەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کڕین و فرۆشتن کردووە. زیانی زۆرمان پێگەیشتووە و فرۆشمان دابەزیوە".
رامی موستەفا، بازرگانێکی دیکە بە رووداوی راگەیاند: "بێگومان ئەم کۆرۆنایە فاکتەرێكی سرووشتییە کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە و رێگری لە هاوردەکردنی کەلوپەلەکانی کردووە و نرخەکانی زۆر گران کردوون، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین هاوکاری خەڵک بکەین، بەڵام بەڕاستی جیاوازی بازاڕی ئەمساڵ لەگەڵ پار زۆر گەورەیە".
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بازاڕی جەژنی ئەمساڵی لە ساڵانی رابردوو، جیاوازتر کردووە، نرخەکان بەرزن و جووڵەی بازرگانی سستە، هاوکات بەهۆی کێشە سیاسییەکان و شەڕی ناوخۆیی 6 ساڵەی یەمەن، توانای دارایی خەڵکیش بە شێوەیەکی بەرچاو، سست و لاوازە.