عێراق پەکەکە بە 'حیزبێکی قەدەخەکراو' دەناسێنێت: مافی نییە خاوەنی چەک بێت

 
رووداو - بەغدا

ئاسایش و ئاو، دوو رێککەوتنی نوێی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، کە هەردوولا بە گرنگییەوە چاودێریی جێبەجێکردنی دەکەن.
 
رێککەوتنی ئاو بەلای عێراقەوە ستراتیژییە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری دروستکردنی سندووقێکی تایبەتی دەرکردووە کە پاڵپشتیی دارایی دابین دەکات؛ بە جۆرێک کە بەشێک لە داهاتی نەوت لەو سندووقە دادەنرێت بۆ دروستکردن و گەشەپێدانی بەنداوەکان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
زیا ناسری، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئەوەی بەلای زۆرینەی هاووڵاتییانەوە گرنگە، بابەتی سەرچاوەکانی ئاوە. ئێمە کێشەی زۆری کەمئاویمان نییە هێندەی ئەوەی کێشەی ئیدارەدانی ئاومان هەیە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لایەنی تورکی کراوە، کێشەی ئاو بەرەو چارەسەر دەچێت؛ هەروەها پرسی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاویش، پشتیوان بە خوا ساڵانی نزیکی داهاتوو ئەو کێشانە بە تەواوەتی تێدەپەڕێنین."
 
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمنییش، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستانی بە حیزبێکی قەدەخەکراو ناساندووە و رێککەوتنەکەش بەم جۆرەیە: هەر ئەندامێکی سەر بە پەکەکە لە عێراق بە پەنابەری سیاسی هەژمار دەکرێت، بەڵام مافی نییە چالاکیی سیاسی و سەربازی بکات و خاوەنی چەک بێت؛ ئەوان لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراقیدا دەبن و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتییان دەکەن.
 
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بە ئەرکەکانی کردووە لەسەر سنووری نێوان عێراق - تورکیا، ئەویش لە رێگەی هێزەکانی فیرقەی یەک، کە سەر بە فەرماندەیی پاسەوانی سنوورە، بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، بێگومان ئەمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها کامێرای حەراری دابینکراوە و هەموو رێوشوینەکانی تایبەت بە پاراستنی سنوور گیراونەتەبەر، ناوەندێکی هاوبەشمان لەگەڵ لایەنی تورکی پێکهێناوە و بە شێوەیەکی چڕ چاودێریی ئاسایشی سنوورەکان دەکرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان] و لایەنی تورکی."
 
بۆ پرسە بازرگانییەکانیش، بڕیار دراوە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا لیژنەی هاوبەشی عێراقی - تورکی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی (جێتکۆ) لە ئەنقەرە دەست بە کارەکانی بکات، کە دیدار و چاوپێکەوتنی کۆمپانیا و بازرگانەکان لەنێوان هەردوو وڵات رێکدەخات.
 
عێراق، وڵاتی دوو رووبار، کە ساڵانێکە بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، رەنگە بۆ لەمەودوا ئەمە پێچەوانە ببێتەوە، لە کاتێکدا رێککەوتنی عێراق و تورکیای لێ بەرهەم هاتووە؛ رێککەوتنێک کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت و دوای کۆتاییهاتنیشی، هەردوو وڵات رێککەوتنی نوێ دەکەن و هەر جارەو بۆ ساڵێک درێژ دەکرێتەوە.