گوتێرێز دژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە هۆشداری دەدات لە هێرشی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە و دەڵێت، هێرشەکە "کارەساتی مرۆیی" دەبێت بۆ 1.5 ملیۆن فەلەستینی کە لەوێ گیرساونتەوە.
گوتێرێز رۆژی شەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە باکووری میسر ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان "دژی هەموو جۆرە دەربەدەرکردنێکن" و "هیچ شوێنێک لە غەززە سەلامەت نییە".
داواکارییەکەی گوتێرێز بۆ وەستاندنی شەڕ رۆژێک دوای ئەوە هات کە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانی پڕۆژە بڕیارێک بۆ وەستاندنی شەڕ پەسند بکات، لە کاتێکدا کە رێکخراوە مرۆییەکان لە گەیاندنی خۆراک، سووتەمەنی، ئاو و دەرمان بە غەززە، رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە.
زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە ژمارەیان زیاترە لە 1.5 ملیۆن کەس، پەنایان بۆ نزیک سنووری باکووری میسر بردووە.
رێکخراوە مرۆییەکان نیگەرانی دۆخی مرۆیی ئەو شارەن.
هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، باسی لەوە کرد کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح "هەڵە" و "ناپێویست" دەبێت.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە هیچ رێگەیەک بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل نابێت ئەگەر هێرشەکە بکرێت.
گوتێرێز لە شاری عەریشی میسر چەند جارێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بەربەستەکانی بەردەم رێکخراوە مرۆییەکان کرد کە ناتوانن یارمەتییەکانیان بگەیێننە غەززە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای ئازادکردنی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە کرد.