لەسەر سنووری عێراق و سووریا بە درۆن بارهەڵگرێک کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
لەنزیک شاری ئەلبوکەمال لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، کۆگایەکی چەک و بارهەڵگرێک بە درۆن کرانە ئامانج و بەپێی زانیارییەکان، کوژراو و بریندار هەن.
میدیای ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 23-01-2024 لە گوندی ئەلسەکریەی سەر بە شاری ئەلبوکەمالی سووریا، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بارهەڵگرێک و بەهۆیەوە بارهەڵگرەکە بە تەواوی تێکشکاوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لەو هێرشەدا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کۆگایەکی چەک و بارهەڵگرێک کە چەک و تەقەمەنیی تێدابووە، کراونەتەوە ئامانج.
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە هێرشەکەدا بارهەڵگرەکە بە تەواوی تێکشکاوە و دوو چەکداری میلیشیاکانی سەر بە ئێران کوژراون و لانیکەم سێ چەکداری دیکەش بریندار بوون.
روانگەی سووری گومانی ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێدەچێت هێرشەکە لەلایەن ئەمریکاوە کرابێت و ئەو دوو چەکدارەش کە کوژراون، خەڵکی سووریا نین.
پێشتریش چەندین جار پێگەکانی هێزەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە دەوروبەری شاری ئەلبوکەمال و سنووری پارێزگای دێرەزوور بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن بۆردوومان کراون.