نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسرائیل بەردەوامە لە رێگریکردن لە گەیشتنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی کە ئیسرائیل ناوچەی بەیت لاهیای لە غەززە بۆردوومانکرد و دەیان کەسی کوشت و بریندارکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل چیدیکە رێگری لە گەیشتنی یارمەتییەکان بە کەرتی غەززە نەکات. 
 
فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، زۆربەی ئەوانەی لە کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، ژن و منداڵن. 
 
حەق هەروەها باسی لەوە کرد، نووسینگەی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) داوای کردووە "زوو" رێگەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بچێتە ناوچەی فەللوجەی کەمپی جەبالیا تاوەکو تەرم و بریندارەکان لەژێر داروپەرتووی بۆردوومان دەربهێنن، بەڵام چوار رۆژە لەسەر یەک ئیسرائیل ئەو داوایەی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتدەکاتەوە. 
 
جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئێمە جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە کە ئەم رێگریکردنە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵک. OCHA دەڵێت دامودەزگەکانی ئیسرائیل داواکارییەکی دیکەیشیان رەتکردووەتەوە کە داوایانکردبوو بچنە جەبالیا بۆ گەیاندنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی بۆ وێزگەکانی ئاو لە کاتێکدا بێکارەبایی بەردەوامە. سووتەمەنیی پێویست بۆ وەگەڕخستنی وێزگەکانی ئاو نەماوە و خەڵکەکە بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە یان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە یانیش ئاو لە سەرچاوە ناسەلامەتەکانەوە دەخۆنەوە."
 
حەق هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم مانگە، 28 جار داوایان لە ئیسرائیل کردووە رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی بۆ ناوچەکانی جەبالیا، بەیت حانوون و بەیت لاهیا بدات، بەڵام هەمووی رەتکراونەتەوە. 
 
لە کاتێکدا، لە کۆی 66 کاروان کە بڕیاربووە لە زاڵگەکانی ئیسرائیلدا لە باشووری غەززەوە بڕۆن بۆ باکووری کەرتەکە، تەنیا چواریان رێگەیان پێدراوە. 
 
حەق گوتی: "سکرتێری گشتی داوای گەیشتنی دەستبەجێ و بێ بەربەستی تیمە مرۆیی و فریاگوزاریەکان دەکات بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک بپارێزن."