باڵیۆزخانەی بەریتانیا بۆ رووداو: دڵخۆشین بە بەردەوامبوون لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ عێراق
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان "دڵخۆشن بە بەردەوامبوون لە پێکەوەکارکردن" لەگەڵ عێراق، دوای ئەوەی کە بەغدا باڵیۆزی ئەو وڵاتەی بە دەستوەردان لە کاروباری عێراق تۆمەتبار کرد.
دونیا تانۆڤیچ، گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداو دا گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق قووڵ و لەمێژینەیە کە ئەمڕۆ لەسەر بنەمای هاوبەشیی سەردەمیانە و خواستبەرزانە بناخەی داناوە. دڵخۆشین بە بەردەوامبوون لە پێکەوەکارکردن."
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەکی ناڕەزایی بە باڵیۆزخانەی بەریتانیا دا لەسەر ئەوەی ستیڤن هیچن، باڵیۆزی وڵاتەکە بە قسەکانی، "دەستوەردانی" لە کاروباری نێوخۆی عێراقدا کردووە و وێنەی وڵاتەکەی بە "تاریکی" پێشانداوە.
وەزارەتەکە روونینەکردەوە مەبەستی کام قسەی هیچنە، بەڵام پێش ئەوە، لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو کە هەفتەی رابردوو پەخشکرا، دیپلۆماتەکە رەخنەی لە دۆخی ئەمنیی عێراق گرتبوو و باسی لەوە کردبوو، لەبەر ئەو هۆکارە گەشتیاران ناتوانن سەردانی عێراق بکەن.
هیچن هەروەها گوتبووی: "دەکرێت ئەو میلیشیایانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، عێراق تووشی کێشەی نێودەوڵەتی بکەن یان تەنانەت بیخزێننە نێو جەنگەوە."
ئەم قسانە دوای بڵاوکردنەوەیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بوونە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق و کاردانەوەکانیش بوونە مانشێتی میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان.
هیچن لەبارەی رەوشی ئەمنیی عێراق بە رووداوی گوتبوو: "بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لەسەر بەریتانییەکان هەیە، تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە. هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە بۆ نموونە، خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن. ئەمە بەشێکە لە کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بە خودا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە."
پارتی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرکردایەتیی دەکات، هیچنی بە "بەزاندنی رۆڵی دیپلۆماسی" و "دندان" تۆمەتبارکرد و داوای لێ کرد، داوای لێبوردن لە عێراق بکات.
عێراق و شانشینی یەکگرتوو پەیوەندیی بەهێزیان لە بواری سەربازی و ئەمنیدا هەیە.
ساڵی 2021، بە ئامانجی پێکەوەکارکردن لە کەرتەکانی ئابووری، پەروەردە، کولتووری و بوارەکانی دیکەدا، رێککەوتنێکیان بە ناونیشانی "هاوبەشیی ستراتیجی" واژۆ کرد.
قسەکانی باڵیۆزی بەریتانیا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان لە کاتێکدان، کە بەهۆی جەنگی نێوان حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تەنگژەدا تێدەپەڕێت.
ئەو گرووپە چەکدارە عێراقییانە بەشێکن لەو بەرەیەی لەژێر ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی" بە سەرکردایەتیی ئێران لە ناوچەکە دژبەرایەتیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، لە نێویاندا، بەریتانیا و ئەمریکا دەکەن.
گوێرەی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەکانی واشنتن (Washington Institute)، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئەو گرووپانە 189 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ناوچەکە، کە بەریتانیاش ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانییە سەربازییەکەیە.
لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، ئەمریکا چەند جارێک پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سووریاش بۆردوومانکردووە و زیانی گیانی و مادی بەرچاوی پێگەیاندوون.
هەروەها نزیکەی 400 سەربازی بەریتانی لەنێو ئەو هێزە بیانیانەدان، کە حکومەتی عێراق و پارتەکانی لایەنگری ئێران داوای کشانەوەیان دەکەن.