لە هێرشێکی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا سێ فەلەستینی کوژران

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێت، لە هەڵمەتێکی هێزە ئیسرائیلییەکاندا بۆ سەر کامپی ئاوارەکانی بەڵەتە لە سنووری شاری نابلووس لە کەرتی رۆژئاوا، سێ فەڵەستینی کوژراون. 
 
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بڵاویکردەوە، سێ فەلەستینی بە ناوەکانی: محەممەد ئەبو زەیتوون، فەتحی ئەبو ریزق و عەبدوڵڵا ئەبو حەمدان لە هەڵمەتێکی هێزە ئیسرائیلییەکاندا کوژراون. 
 
هاوکات کەتیبەی شەهیدانی ئەقسا، باڵی چەکداریی پارتی فەتحی فەلەستین کە مەحموود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو سێ هاووڵاتییە فەلەستینییەی کوژراون، چەکداری کەتیبەکە بوون. 

 

 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 13-5-2023 و دوای پێنج رۆژ لە شەڕ و ئاڵۆزی، ئاگربەستی نێوان گرووپی جیهادی ئیسلامی و هێزە ئیسرائیلییەکان بە نێوەندگیریی میسر راگەیێندرا. 
 
ئەمساڵ چەند جارێک گرژی و شەڕ لەنێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکاندا دروستبووە. بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 153 فەلەستینی بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی 20 ئیسرائیلیش لەلایەن بزووتنەوە چەکدارەکانی فەلەستینەوە کوژراون. 
 
لە ساڵی 2022ـدا 204 فەلەستینی و 29 ئیسرائیلی لە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەدا کوژرابوون. ئەو ژمارەیە بەرزترینە لە ساڵی 2004ـەوە، کە تێیدا 803 فەلەستینی و 940 ئیسرائیلی کوژران.