نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: سوودانی و ئەردۆغان رێککەوتنێکی ستراتیجی واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ لە بەغدا "رێککەوتنێکی ستراتیجی بۆ فراوانکردنی هاوبەشی" واژۆ دەکەن، ئەمە وەک نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند.
ئەردۆغان نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە، 22-4-2024) گەیشتە پایتەختی عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە لەلایەن محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بە گوتنەوەی سروودی نیشتمانیی عێراق و تورکیا، نمایشی پاسەوانی شەرەف پێشوازی لێکرا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سوودانی و ئەردۆغان گفتوگۆی دووقۆڵیی فەرمی دەکەن، هەروەها لەسەر ئاستی حکومی و وەزیرانی هەردوولا، گفتوگۆی فراوان دەکرێت."
نووسینگەی سوودانی گوتیشی، لەم سەردانەی ئەردۆغاندا "رێککەوتنێکی دووقۆڵی ستراتیجی واژۆدەکرێت بۆ فراوانکردنی هاوبەشی لە بواری ئابووری، بازرگانی، ئاڵۆگۆڕی ئەزموون و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ژینگەیی و هەرێمییە هاوبەشەکان".
بۆ گفتوگۆکانیان، سوودانی یاوەریی ئەردۆغانی کرد بۆ کۆشکی بەغدا.
پێش گەیشتنی ئەردۆغان بە بەغدا، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 22 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە سەردانەکەدا واژۆدەکرێن.
عەوادی روونیکردەوە "تاوتوێى دۆسیەکانى ئاو، رێگەى گەشەپێدان، ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى، ئاسایش دەکرێن."
دیارترین پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە، بڕى بەردانەوەی ئاوى دیجلە و فوراتە بۆ نێو عێراق، هەروەها دۆسیەى ئاسایشى سنوورە.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق گوتى، "سەرۆکوەزیران لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆککۆمارى تورکیا وردەکارى رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان ئاشکرادەکات."
رێگەى گەشەپێدان یەکێکى دیکەیە لەو پرسانەى رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق تاوتوێى دەکات. پڕۆژەکە لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و دەچێتە تورکیاوە و لە دوو هێڵى گواستنەوەى بازرگانى و گەشتیارى شەمەندەفەر و وشکانی پێکهاتووە.
باسم عەوادی گوتی، "گرنگى ئەو سەردانە لەو دۆسیانەدایە کە تاوتوێ دەکرێن و پێشتر ئامادەکارى کراون."
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی ساڵانەى نێوان عێراق و تورکیا زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا پێشبیکردووە بۆ ساڵى 2030 قەبارەکەى بگاتە 20 ملیار دۆلار.