لە سعودیە بەهۆی خستنەخوارەوەی درۆنێکی حوسییەکان 16 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
ھاوپەیمانیی عەرەبیی دژی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە کاتی ھێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی شا عەبدوڵلا خراوەتە خوارەوە.
هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، کە لە دژی حوسییەکانی یەمەن پێکهێندراوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە، لەکاتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە 16 کەسی سڤیل لە فڕۆکەخانەی شا عەبدوڵڵا برینداربوون و برینی سێ کەسیان کە گەشتیارن قورسە.
بەپێی راگەیێندراوەکە: "ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە فڕۆکەخانەی سەنعا، لەلایەن حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە نێردراوە".
هاوپەیمانییەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "حوسییەکان لە ھێز زیاتر لە زمانی دیکە تێناگەن. ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان دەکرێت. حوسییەکان باجی ھێرشکردنە سەر مەدەنییەکان دەدەنەوە".
سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە دەبێت.
رۆژی 20ی شوباتی 2022، لە راگەیێندراوێکی دیکەی ھاوپەیمانی عەرەبی، ئەوە ئاشکرا کراوە چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای لەحەج لە باکووری رۆژئاوای یەمەن کردووە. هەروەها لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 45 پێگەی حوسییەکان کراونەتە ئامانج و 21 ئۆتۆمبیلی سەربازی لەناوبراون.
لە یەمەن، کە ماوەیەکی دوورودرێژە ناسەقامگیریی سیاسی باڵی بەسەردا کێشاوە، پێکدادان لە نێوان حوسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و ھێزەکانی سەر بە حکومەت بەردەوامە.
حوسییەکان، لە مانگی ئەیلوولی 2014ـەوە سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەکیان کۆنترۆڵکردووە. ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی، بە رابەرایەتی سعودیە لە مانگی ئاداری ساڵی 2015ـەوە بۆ ئێستا لە دژی حوسییەکان پاڵپشتیی حکومەتی یەمەن دەکات.
حوسییەکان، بەردەوام لە رێگەی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ناوچەکانی باشووری سعودیە و هەندێکجاریش ئیمارات دەکەنە ئامانج.