ئیسرائیل قوتابخانەیەکی غەززەی بۆردوومان کرد و 21 کەسی کوشت؛ 'یەکێکیان ژنێکی دووگیانە'
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەک 21 کەسی سڤیل کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە هێرشەکەدا چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بە ئامانج گیراون.
ئەمڕۆ شەممە، 21-9-2024، مەحموود بەساڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە رایگەیاند: "زیاتر لە نیوەی کوژراوانی هێرشەکە منداڵ بوون."
گوتەبێژەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "کارمەندانی بەرگریی شارستانی، تەرمی 21 کەسیان دۆزیوەتەوە، لەنێویاندا 13 منداڵ و شەش ژن هەبوون". هەروەها یەکێک لە ژنەکان دووگیان بووە.
وەزارەتی تەندروستی کەرەتەکەش هەمان ئاماری بڵاوکردووەتەوە.
مەحموود بەساڵ ئەوەشی خستەڕوو کە "بەهۆی هێرشەکەی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر قوتابخانەی زەیتوون، نزیکەی 30 منداڵ برینداربوون، لەنێویاندا 9یان پێویستیان بە بڕینەوەی ئەندامانی جەستەیان هەیە."
سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەو قوتابخانەیە ناوەندێکی فەرماندەیی حەماس بووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززەش دەڵێت هەزاران ئاوارە لە نێو قوتابخانەکەدا گیرسابوونەوە.
بەگوێرەی شایەتحاڵانی رووداوەکە، لە کاتی هێرشەکە دا کۆمەڵە منداڵێکی بێباوک بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە گرووپێکی مرۆیی خۆجێیی کۆببوونەوە.
رەندە نەدیم، ئاوارەیەکی غەززەیە و شایەتحاڵی کوژرانی ئافرەتێکی دووگیان بووە و دەڵێت: "لێرە ئافرەتێک شەهید کرا و ئەمەش خوێنەکەیەتی لەسەر پلیکانەکان، ئەومان بە سکی هەڵدڕاوەوە بینی و هەروەها کۆرپەلەکەیشمان لەسەر پلیکانەکان دۆزییەوە. ئایا ئەو منداڵە لە دژی ئیسرائیل دەجەنگی؟"
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکە بۆ سەر قوتابخانەی فەلاح بووە کە دیواری بە دیواری قوتابخانەی زەیتوونەوەیە، بەڵام بەپێی دیمەنەکان قوتابخانەی زەیتوون بە ئامانج گیراوە.
سوپای ئیسرائیل لەدوای هەموو هێرشێک باس لە "هەوڵەکانیان" بۆ "کەمکردنەوەی قوربانیانی سڤیل" دەکات.
لەدوای ئەو هێرشەش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "هەنگاویان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل ناوە، لەنێویاندا بەکارهێنانی تەقەمەنیی ورد، چاودێریی ئاسمانی و زیادکردنی زانیاریی هەواڵگری."
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشێکی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد، کە لەو رۆژەدا 1200 کەس کوژران و 250ی دیکەش بە بارمتە گیران.
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی و دواتری زەوینی کردە سەر کەرتی غەززە، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار و 200 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.