ئەردۆغان: بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا چاوەڕێی وەڵامی بەشار ئەسەدین

 
رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا کردەوە و رایگەیاند، "بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا ویستی خۆمان بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد نیشاندا و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی بەرامبەرین". 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک رێکخست و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێک سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا رایگەیاند: "پێمانوایە دەبێ کۆتایی بەو گرژییانەی سووریا بهێندرێت، بەتایبەتی بە بوونی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری. بۆ بەدیکردنی ئارامی لە تەواوی خاکی سووریا و گەڕاندنەوەی سەقامگیری دەبێ تورکیا و سووریا پێکەوە هەنگاو بنێن."
 
ئەردۆغان ئەوەشی گوت: "دەمێکە ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و رژێمی دیمەشق بەدی دەکرێت. ئەم هەلومەرجە رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی. ملیۆنان هاووڵاتیی سووریا چاویان لەوەیە بگەڕێنەوە نیشتمانیان."
 
جەختی لەوەشکردەوە کە بانگهێشتی سەرۆکی سووریای کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. "ئێمە بانگهێشتمان کردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا. ویستی خۆمان بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد نیشاندا و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی بەرامبەرین. وەک دوو وڵاتی موسڵمان دەمانەوێت یەکریزی و تەبایی بەزووترین کات بێنینە ئاراوە. پشت بەخوا لەو باوەڕەدام دوای دیدار، سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان دەستپێدەکات."   
 
رۆژی 25ـی ئابی 2024، بەشار ئەسەد لە ئەنجوومەنی گەلی سووریا گوتارێکی پێشکێش کرد و بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا دوو مەرجی خستەڕوو. یەکەمیان کشانەوەی تەواوی سوپای تورکیا لە خاکی سووریا و دووەمیان لەناوبردنی تیرۆر و دەستبەرداربوون لە پشتیوانیکردنیان. 
 
رۆژی 12ـی تەممووز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارتی تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا رایگەیاند، "لەو باوەڕەداین دەکرێت ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا بەدی بکرێت. لە هەموو دەرفەتێکدا هەمیشە باسمان لەوە کردووە یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی ئێمەشدایە. بونیاتنانی ئاشتییەکی راستەقینە لە سووریا لە هەمووان زیاتر بۆ ئێمە سوودی هەیە. گرنگترین هەنگاو لەم رێگەیەدا، دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە لە سووریا".
 
رۆژی 7ـی تەممووز، ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، رایگەیاند: "بانگهێشتەکەمان بۆ ئەسەد دەکەین، دەمانەوێت بەم بانگهێشتە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک رابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ. دەکرێت بانگهێشتەکەمان لەهەر کاتێکدا بێت".
 
رۆژی 28ـی حوزەیرانیش، گوتبووی: "هیچ هۆکارێک نییە رێگر بێت بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا. وەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە لەگەڵ سووریا پەرەمان بە پەیوەندییەکان دا، بەهەمان شێوە بەیەکەوە کار بۆ پەرەپێدانیشی دەکەین."
 
رۆژی 14ـی تەممووز، هاکان فیدان لەبارەی هەوڵی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا راگەیاند، "دۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک، بەڕاستی پێویستییان بە ئارامی هەیە و ناچارمان دەکات روو بکەینە ئاشتی و سەقامگیری. سەرۆککۆماریش لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی بانگەشەی سەرۆکی سووریا کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی ئاشتیی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەم بانگهێشتە زۆر گرنگە و هیوادارم وەڵامیان هەبێت و لە بەهاکەی تێبگەن."
 
گوتیشی: "دەمەوێ ئەوەش روون بکەمەوە، بانگەشەکەمان لە ئەنجامی لاوازی و ناچارییەوە نەهاتووە".
 
لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، تورکیا سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند، بەڵام لە ساڵی 2021، تورکیا دەستی بە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق کردەوە. لە تشرینی یەکەمی 2021 وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سووریا لە بولگاریا کۆبوونەوە. لە مانگی ئەیلوولیش بە سەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی رووسیا، هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
 
رۆژی 14ـی تەممووز، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئاماری کۆچبەر و پەناخوازە سووریاییە نیشتەجێبووەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیان 3 ملیۆن و 113 هەزار و 478 سووریایین. 1 ملیۆن و 125 هەزار و 623 کەسیان مافی نیشتەجێبوونیان هەیە و 234 هەزار و 528 کەسیان لەژێر پاراستنی کاتیی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە تورکیا نیشتەجێن.