نەتەوە یەکگرتووەکان: تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی لوبنان تاوانی جەنگە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تەقاندنەوەی بێتەل و پەیجەرەکانی لوبنان بە "تاوانی جەنگ" دادەنرێت و باڵاترین دیپلۆماتی لوبنانیش ئیسرائیل بە ئەنجامدانی "هێرشی تیرۆریستی" تۆمەتبار دەکات.
 
رۆژی هەینی 20-09-2024  ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی لوبنان گوتی، "یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دانانی تەڵەی لە ئامێرە بێ زیانەکان قەدەخە کردووە. پێشێلکردنی ئەو یاسایە تاوانی جەنگە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف دەکەین."
 
رۆژانی 17 و 18ی ئەیلوول، لە ئەنجامی تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیجەر و وۆکی تۆکی (بێتەل) لە سەرانسەری لوبنان، 37 کەس کوژران و زیاتر لە 3 هەزاری دیکەش برینداربوون. زۆربەی ئەوانەی بوونە قوربانی، چەکدار و ئەندامی حیزبوڵڵا بوون و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچی لەبارەی تەقینەوەکانەوە نەگوتووە.
 
دەسەڵاتدارانی لوبنان پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژدەکەن.
 
ڤۆڵکەر تورک هەروەها گوتی، "بەو رووداوە و کاریگەرییەکانی حەپەسام. ئەو جۆرە هێرشانە پەرە بە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ دەدەن و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەکرێنە چەك."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا کە لەسەر داوای جەزائیر بەڕێوەچوو، عەبدوڵلا بووحەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان گوتی، "ئەوەی کرا رێگەیەکی نوێی جەنگ و تیرۆرە. بەم دووژمنکارییە، ئیسرائیل پێشێلی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی کرد."
 
حیزبوڵڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەکات و ئەمریکاش چاوی لەسەر چارەسەری دیپلۆماسییە. رۆژی پێنجشەممە، کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "هێشتا بڕوای وایە دەکرێت ئەو دۆخەی هەیە چارەسەر بکرێت. سەرۆک هێشتا بڕوای وایە کە دەبێت گەشبین بین و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین رێگەیە."