لە رۆژانی رابردوودا زیاتر لە هەزار کەس لە مەککە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێوڕەسمی حەجی ئەم ساڵدا گیانیان لەدەستداوە هەزار کەسی تێپەڕاند کە نیوەی زیاتریان ئەوانەن بە رێکاری نافەرمی هەوڵی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیان داوە.
لانیکەم 19 لەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی هەرێمی کوردستانن کە تەنیا یەکێکیان نەبێت، ئەوانی دیکە بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە، ئەمە بە گوتەی رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە ئامارەکەی بۆ رووداو خستەڕوو.
ئەوانەی بە رێکاری نافەرمی حەجیان کردووە، مۆڵەتی ئەوەیان نەبووە سوود لەو شوێنە فێنککراوانە وەربگرن کە لە لایەن سعودیەوە بۆ حاجیانی هەر وڵاتێک بە جیا دابینکراوە، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانە پێکدێنن کە گیانیان لەدەستداوە.
چوار هاونیشتمانیی باکووری کوردستان، سێ هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستانیش ئەم ساڵ لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، کە پێنجەم ستوونی ئایینی ئیسلامە، لە مەککە گیانیان لەدەستداوە.
12 حاجیی عێراقیش کە بە رێکاری فەرمی خۆیان تۆمارکردبوو، گیانیان لەدەستداوە، ئەمە بە گوێرەی شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی دەستەی حەج و عومرە لە کەرکووک بۆ رووداو.
رۆژی پێنجشەممە، گیانلەدەستدانی 58 حاجیی دیکەی میسر راگەیێندرا، بەوەش ئاماری گیانلەدەستدانی حاجییانی ئەو وڵاتە گەیشتە 658 کەس کە 630یان بە نافەرمی رۆیشتبوون.
تاوەکو ئێستا، نزیکەی 10 وڵات گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و 89 حاجییان راگەیاندووە.
ئەو ئامارانە لە راگەیێندراوی فەرمیی دیپلۆماتەکانی وڵات و هەرێمەکان کۆکراوەتەوە.
حەج، کە بە گوێرەی ساڵنامەی کۆچی کاتەکەی دیاری دەکرێت، ئەم ساڵ کەوتە وەرزی گەرمای تاقەتپڕوکێنی سعودیە.
ئەم هەفتەیە، ناوەندی کەشناسیی سعودیە رایگەیاند، پلەی گەرمای مزگەوتی حەرام لە مەککە گەیشتووەتە 51.8 پلەی سیلیزی.
لێکۆڵینەوەیەکی سعودی دەریخستووە، گەرمای ناوچەکە دوای هەر 10 ساڵێک، 0.4 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە.
ساڵانە دەیان هەزار کەس هەوڵ دەدەن لە رێگەی نافەرمی و بە وەرگرتنی ڤیزەی گەشتیاری فەریزەی حەج بەجێبگەیێنن، لەبەر ئەوەی بۆ هەندێکیان، تێچووی ناونووسینی فەرمی زۆرە.
ئەم مانگە، دامودەزگەکانی سعودیە دەیان هەزار کەسی تۆمارنەکراویان لە مەککە دوورخستنەوە، بەڵام وەک دەرکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەکی زۆریان بەشدارییان لە رێوڕەسمەکانی حەجدا کردووە.
مەترسیی گەرما لەسەر ئەوانەی کە بێ مۆڵەت هەوڵی حەجکردنیان داوە زیاتر بووە، چونکە نەیانتوانیوە سوود لەو شوێنە فێنککراوانە وەربگرن کە لە لایەن دامودەزگەکانی سعودیە بە تایبەت بۆ ئەو 1.8 ملیۆن حاجییە دابینکرابوو کە بەفەرمی رۆیشتبوون بۆ ئەوەی دوای بەپێڕۆیشتن و نوێژکردن، پەنایان بۆ ببەن.
حاجییە کۆچکردووەکان بە خاک دەسپێردرێن
بە پێی دیپلۆماتێکی پاکستان، لە کۆی 150 هەزار حاجیی ئەو وڵاتە، 58یان گیانیان لەدەستداوە.
دیپلۆماتەکە دەڵێت: "بە بڕوای من، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی خەڵکەکە و رەوشی کەشوهەواکە، ئەمە شتێکی سرووشتییە."
هەروەها لە کۆی 240 هەزار حاجیی ئیندۆنیزیا، 183یان گیانیان لەدەستداوە.
مالیزیا، هیندستان، ئوردن، ئێران، سەنیگال، تونس و سوودانیش گیانلەدەستدانی ژمارەیەک حاجیی خۆیان پشتڕاستکردووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، بەشێک لە حاجییان دیارنەماون و کەسوکاریان بەدوایاندا دەگەڕێن.
رۆژی چوارشەممە، خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان بە نەخۆشخانەکانی سعودیەوە کردبوو بۆ ئەوەی سۆراخی کەسوکاریان بپرسن.
رۆژی پێنجشەممە، دوو دیپلۆمات رایانگەیاند، دامودەزگەکانی سعودیە بەخاکسپاردنی حاجییە کۆچکردووەکانیان دەستپێکردووە، کەپێش ئەوە، بە رێگەی ئیسلامی، دەشۆردرێن و کفن دەکرێن.
یەکێک لە دیپلۆماتەکان ئاماژەی بەوە کرد: "بەخاکسپاردنەکە لە لایەن دامودەزگە سعودییەکانەوە دەکرێت. ئەوان سیستمی تایبەت بە خۆیان هەیە،" هەروەها باسی لەوە کرد کە سەرقاڵی ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانن لە چارەنووسی ئازیزانیان.
دیپلۆماتێکەی دیکە گوتی، لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو حاجییانەی گیانیان لەدەستداوە زۆرە، ئەستەمە بتوانن خێزانی هەموویان پێش بەخاکسپاردنیان ئاگاداربکەنەوە، بە تایبەتی ئەوانی میسر کە بەشی هەرە زۆری کۆچکردووان خەڵکی ئەو ولاتەن.
'مەترسیی گەورە'
سعودیە هیچ ئامارێکی لەسەر گیانلەدەستدانی رانەگەیاندووە، بەڵام تەنیا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دوو هەزار و 700 کەس بەهۆی گەرما لەهۆشچوون.
ساڵی رابردوو، ژمارەیەک وڵات گیانلەدەستدانی 300 حاجییان راگەیاند کە زۆربەیان خەڵکی ئیندۆنیزیا بوون.
لە ساڵنامەی زایینیدا، وەرزی حەج هەموو ساڵێک 11 رۆژ دێتە پێش، واتە ساڵی داهاتوو، لە سەرەتای حوزەیران دەستپێدەکات کە رەنگە کەشوهەواکە کەمێک فێنکتربێت.
لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2019ی گۆڤاری زانستیی Geophysical Research Letters وا لێکی دەداتەوە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، گەرمای مەککە لە دوای ساڵی 2050ەوە "ئاستی مەترسیدار تێپەڕدەکات".
خێزانی شاهانەی سعودیە پێشوازیکردن لە حاجییان بە ئەرکێکی شکۆمەندانەی خۆی دەزانێت و ناسناوی فەرمیی شا سەلمان "خزمەتکاری هەردوو حەرەمە شەریفەکەیە" کە مەبەست لێیان مزگەوتی حەرام لە مەککە و مزگەوتی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لە مەدینەیە.
لە ساڵانی رابردوودا لە کاتی حەجکردندا، ژمارەیەک رووداوی بەسەریەکداکەوتن و پاڵەپەستۆ و ئاگر دروستبوون، دیارترینیان لە ساڵی 2015 بوو کە لە کاتی بەردبارانکردنی عەقەبەکان لە مینا لە نزیک مەککە، حاجیان بەهۆی پاڵەپەستۆ بەسەریەکدا کەوتن و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا.