تورکیا: هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی سیستمی سیگناڵی نەبووە یان کوژێندراوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێ، دەرکەوتووە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی سیستمی سیگناڵی کوژاوەتەوە یان رەنگە ئەو سیستەمە سیگناڵەی نەبووبێت. 
 
عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رۆژی دووشەممە (20ـی ئایار) لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەڤانان لە ئەنقەرە لەبارەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "ئێران لە چوارچێوەی بەرپرسیاریێتی ناوچەی گەڕان و رزگارکردنی دەریایی و ئاسمانیماندایە، هەروەها چاودێریی سیگناڵەکانی هەموو ئامرازە ئاسمانی و دەریاییەکان دەکەین." 
 
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماژەی بەوەدا، لە قۆناخی یەکەمدا چاودێریی ئەوەیان کردووە؛ ئایا هێلیکۆپتەرەکە سیگناڵ دەدات یان نا، بەڵام سیگناڵی نەداوە، بۆیە دەڵێت "پێدەچێت سیستمی سیگناڵەکە کوژێندرابێتەوە، یان سیستمی سیگناڵی نەبووبێت."
 
کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند وەزیر و بەرپرسێکی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)ـیان لە پارێزگای تەورێز کردەوە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پڕۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەرەکەیان کەوتەخوارەوە و تێکشکا.
 
میدیای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری عەباس قوڵیزادە، فەرماندەی سوپای عاشوورا بڵاویکردەوە، دوو هەلیکۆپتەرەکەی دیکە دوای ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار دەپچڕێت، بۆ ماوەی 20 خولەک بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و چڕیی تەمومژ، نەیانتوانی بیدۆزنەوە و بە ناچاری لە نزیکترین ناوچە نیشتنەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا شەوی یەکشەممە رایگەیاندبوو "لەسەر داوای ئێران بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حکومەتمان هێلیکۆپتەرێک و درۆنیکی جۆری ئاکنجیی بۆ بەشداریکردن لە گەڕان و پشکنین بەدوای سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی ئێران ناردە ناوچەکە."
 
حکومەتی تورکیا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی، هەلیکۆپتەرەکەی دۆزیوەتەوە و دوای تەواوکردنی ئەرکەکەی گەڕاوەتەوە تورکیا، بەڵام ئێران ئەمە رەتدەکاتەوە. 
 
پیرحوسێن کولیوەند، بەڕێوەبەری مانگی سووری ئێران رایگەیاندبوو "پرۆسەکە بەتەواوی لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەچوو. هیچ هاوکارییەکی دەرەکیمان نەبوو. ئەو هەواڵانەش دەنگۆن کە باس لە بوونی هاوکاریی دەرەکی دەکەن. من، لێرە لە گۆڕەپانەکە ئامادەبووم و بۆ چرکەیەکیش هیچ یەکێک لەو ئازیزانە پشوویان نەدا، نەنووستن. درۆنەکەی مانگی سووری ئێران یەکەمجار پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەی دۆزییەوە." 
 
لە نوێترین لێدوانیشدا عیسا زارعپوور، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی ئێران دەڵێت، لە رێگەی سیگناڵی مۆبایلی یەک، دوو کەس لە سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری، توانیویانە ناوچەی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکە دەستنیشان بکەن، دواتر زانیارییان داوەتە تیمەکانی نێوخۆ و تیمە درۆنییەکەی تورکیا.