لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا سێ چەکداری حیزبوڵڵای لوبنان کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، سێ چەکداری بزووتنەوە لوبنانییەکە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کوژران.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دوو چەکداری دیکەش لەو هێرشەدا بریندار بوون، کە خانوویەکی لە ناوچەی جەبایین کردووەتە ئامانج.
میدیای فەرمیی لوبنان پێشتر رایگەیاندبوو، "فڕۆکەکانی دووژمن هێرشی ئاسمانییان کردە سەر خانوویەک لە ناوچەی جەبایین. تیمەکانی فریاگوزاری چوونەتە ئەو ناوچەیە."
حیزبوڵڵا رایگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانجی ئیسرائیلی، لەوانەش سەرباز و پێگەکانی چاودێری.
لەو کاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای هاوپەیمانی حەماس دەستیپێکردووە، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە لەسەر سنوور هێرشیان کردووەتە سەر یەکدی.
هێرشەکانیان تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 375 کەس لە لوبنان، کە زۆربەیان چەکداری حیزبوڵڵان، بەڵام 70 کەسی سڤیلیشیان لەنێودایە.
لە باکووری ئیسرائیلیش بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە 10 سەرباز و هەشت کەسی سڤیل کوژراون.
لەم رۆژانەی دواییدا، حیزبوڵڵا هێرشەکانی دژی پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل زیاد کردوون، لە کاتێکدا گرژییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد بوون.
13ی نیسان، ئێران کە پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵڵا دەکات، هێرشێکی بێوێنەی درۆنی و مووشەکیی لەنێو خاکی خۆیەوە کردە سەر ئیسرائیل، بۆئەوەی تۆڵەی کوژرانی 7 پاسداری خۆی بکاتەوە کە دووانیان فەرماندە بوون و لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە 1ی نیسان لە دیمەشق کوژران.