ئیسرائیل داوا لە باڵیۆز و سەرجەم دیپلۆماتەکانی دەکات تورکیا جێبهێڵن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل داوای لە باڵیۆز و سەرجەم دیپلۆماتەکانی کرد تورکیا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. 
 
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2023، ئیسرائیل داوای لە ئیریت لیلیان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە تورکیا و سەرجەم هاووڵاتیان و دیپلۆماتەکانی وڵاتەکەی کردووە، کە تورکیا بەرەو ئیسرائیل جێبهێڵن.
 
بەپێی زانیارییەکان ئەم بڕیارە بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە دراوە و بڕیارێکی کاتییە.
 
دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەشێک لە هاووڵاتیانی تورکیا بەردەوامن لە ناڕەزایی دەربڕین لە دژی ئیسرائیل، لەبەردەم باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا گرددەبنەوە.
 
فەرمانگەی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە 18ی تشرینی یەکەم داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە تورکیا کرد، کە بەپەلە تورکیا بەجێبهێڵن
 
جگە لە ئیسرائیل، وڵاتانی دیکەش رێوشوێنی خۆپاراستنیان لە تورکیا گرتووەتەبەر، لەوانەش ئەمریکا، کە کۆنسوڵخانەکەی لە ئادانا بەشێوەیەکی کاتی داخستووە.