وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: پێگەیەکی حیزبوڵڵامان کردە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، پێگەیەکی سەربازیی حیزبوڵڵایان لە سنووری لوبنان کردووەتە ئامانج و نیشانە شکێنەکانیشیان تەقەیان لە چەند چەکدارێک کردووە.
 
رۆژی هەینی، 20-10-2023، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی هێزەکانمان پێگەیەکی چەکداریی حیزبوڵڵای تیرۆریستیان لە نزیک سنووری لوبنان دەستنیشان کرد و کردیانە ئامانج. هەروەها بە نیشانەشکێن تەقەمان لە چەند چەکدارێک کرد."
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی، "ئەمڕۆ تیرۆریستێک دزەیکردە نێو خاكی ئیسرائیل و هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی مارگالیۆت و پاسەوانێکی بریندارکرد."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، هێشتا ئەنجامدەری ئەو هێرشە نەدۆزراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن.
 
ئەمڕۆ هەینی، هێزی بەرگریی ئیسرائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس(تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، "درۆنێکمان تێکشکاند کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل دەهات."
 
لە 8ـی ئەم مانگەوە چەند بۆردوومانێک لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل روویداوە، ئێرانی "پاڵپشتیکار"ـی حیزبوڵڵای لوبنانی هۆشداری داوەتە ئیسرائیل لە ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ، ئەگەر شەڕەکەی دژی غەززە نەوەستێنێت. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی لە لوبنان کردووە، ئەگەر رێگە بە کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ بدات.
 
رۆژی 12ـی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومانیان هەیە لەوەی چەکدارانی حیزبوڵڵا هەوڵی دزەکردنیان دابێت بۆ نێو ئیسرائیل و دوای ئەوەش چەندین جار پێگەکانی حیزبوڵڵای لە سنووری لوبنان تۆپباران کرد.
 
رۆژی 13-10-2023، نەعیم قاسم، جێگری ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی بزووتنەوەکەی بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، "بە تەواوەتی ئامادەین؛ هەروەها لەکاتێکی گونجاویشدا بە کردار ئەنجامی دەدەین." 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 16-10-2023 لە پەرلەمانی ئیسرائیل گوتی، "بە ئێران و حیزبوڵڵا دەڵێم، تاقیمان نەکەنەوە، ئەگەرنا باجێکی زۆر قورس دەدەن."
 
هەموو ئەو گرژییانە دوای ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" دێت کە چەکدارانی حەماس لە 7-10-2023 دژی ئیسرائیل رایانگەیاند، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند و بە مووشەک وەڵامی دانەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاکو ئێستا زیاتر لە 5 هەزار و 618 کەس لەهەردوولا کوژراون.