ئیسرائیل کوشتنی دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵڵا پشتڕاست دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمڕۆیدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئیبراهیم عەقیل، دووەم باڵاترین بەرپرسی سەربازیی حیزبوڵڵای کوشتووە.
 
دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤایدا رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی ورد، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداریان کردە سەر ناوچەیەکی بەیرووت و ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزەوانیان لەنێوبرد."
 
بە گوتەی هەگاری، "ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی باڵای تۆڕی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەیی" هێزی رەزەوان لە هێرشەکەدا کوژراون.
 
تەندروستیی لوبنان رایگەیاندووە، تا ئێستا 12 کەس لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل کوژراون، هاوکات 66 کەسیش بریندار بوون کە برینی 9یان سەختە و تەندروستییان ناجێگیرە.
 
ئیبراهیم عەقیل دووەم باڵاترین فەرماندەی باڵی سەربازیی حیزبوڵڵا بوو لەدوای فوئاد شوکر کە ئەویش لە کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا. 
 
هەگاری باسی لەوە کرد، "ئیبراهیم عەقیل بەرپرس بوو لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و خەڵکەکەی،" گوتیشی، "پابەندین بە گەڕاندنەوەی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل بۆ ماڵ و حاڵیان" کە لە دوای جەنگی غەززەوە بە هۆی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ئاوارە بوون. 
 
عەقیل لە لیستی داواکارانی ئەمریکادا بوو و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە تۆمەتبار بوو بە بەشداریکردن لە تەقینەوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت لە نیسانی ساڵی 1983 و 7 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی ئاشکردنی شوێنەکەی دانابوو.
 
هێرشەکە چەند رۆژێکی کەم دوای تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندی دێت کە بوونە هۆی کوژرانی لانیکەم 37 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە. 
 
بەرگریی شارستانیی لوبنان گوتی، دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە نزیک شوێنە بەئامانجکراوەکە لە گەڕەکی جامووس داڕماون.  
 
بەرپرسێکی ئیسرائیل بە میدیای وڵاتەکەی گوت، پێشوەخت واشنتنیان لە هێرشەکە ئاگادارنەکردبووەوە، بەڵکو دوای هێرشەکە پەیوەندییان پێوە کردووە. 
 
هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند، هیچ زانیارییەکی پێشوەختیان لەسەر هیچ هێرشیکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت نەبووە. 
 
حیزبوڵڵا باکووری ئیسرائیل بۆردوومان دەکات
 
دوای بۆردوومانەکەی بەیرووت، حیزبوڵڵا رایگەیاند، رۆژی هەینی دووجار بە کاتیۆشا هێرشی کردووەتە سەر بارەگەی هەواڵگریی ناوچەی باکووری ئیسرائیل کە لەنێو بنکەی سەربازیی میشاردایە.
 
حیزبوڵڵا هەروەها گوتی، "بارەگەی هێزی چاودێریی ئاسمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانمان لە بنکەی مەیرۆنمان بۆردوومان کرد".
 
میدیای ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات، لە بەیانیی رۆژی هەینییەوە زیاتر لە 200 مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون. 
 
20 لەو مووشەکانە، دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سەر باشووری بەیرووت هاوێژران کە 10یان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بەرپەرچدراونەوە. 
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە شەڕی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، بێ زیادکردنی گرژییەکان، چارەسەر نابێت.