سەرچاوەیەک: بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵلا دەڵێت، لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوانی حیزبوڵڵا کوژراوە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشەکە "ئاراستەی ئامانجێکی دیاریکراو" کراوە.
سەرچاوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل ئیبراهیم عەقیل، فەرماندەی هێزی رەزوانی کردە ئامانج کە دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازی بوو دوای فوئاد شوکر".
فوئاد شوکر کە لە تەممووزی ئەم ساڵ لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری بەیرووت کوژرا.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، لانیکەم سێ کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و 17ی دیکە برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکەی ئاراستەی "ئامانجێکی دیاریکراو" کردووە. میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، ئیبراهیم عەقیل لە هێرشەکەدا کراوەتە ئامانج.
ئیبراهیم عەقیل فەرماندەی هێزی رەزوانە کە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵا و ئەندامی ئەنجوومەنی جیهادیی بزووتنەوەکەیە.
عەقیل لە لیستی داواکارانی ئەمریکادایە و لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە تەقینەوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت لە نیسانی ساڵی 1983 و 7 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشتی ئاشکردنی شوێنەکەی داناوە.