فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵای عێراقی لە سووریا کوژرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی باڵاکانی کەتیبەکانی حیزبوڵلای عێراق لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە فەرماندەکە و دوو لە پاسەوانەکانی کوژرا.
 
ئۆتۆمبێلەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق لە سووریا کراوەتە ئامانج، دەگوترێت فەرماندەیەکی باڵای حیزبوڵڵای عێراق بە ناوی ئەبو حەیدەر خەفاجی تێدا بووە.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبوڵڵای عێراقی تێدا بووە، لە دووری چەند کیلۆمەترێکی کەمەوە لە فڕۆکەخانەی دیمەشق کراوەتە ئامانج، بەڵام هێشتا روون نییە بە درۆن کراوەتە ئامانج یان بە بۆمب تەقێندراوەتەوە."
 
ئۆتۆمبێلەکە کە لەنزیک مەزارگەی سەیدە زەینەب بووە.
 
هێرشەکە نزیک کاژێر 4:30ـی بەیانی روویداوە، دوای هێرشەکە ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
حیزبوڵڵای عێراقی یەکێکە لە میلیشیاکانی عێراق لە لوبنان و سووریا و عێراق هێزی چەکداریی هەیە، بەشێکە لە حەشدی شەعبی، بەڵام زۆر جار دوور لە بڕیاری فەرمیی دەوڵەت و لە دەرەوەی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کاردەکات.
 
ئەبو حەیدەر خەفاجی، هێشتا نەزاندراوە پۆستی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق چییە، بەڵام یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانی ئەو حیزبە و لەگەڵ خۆیدا دوو لە پاسەوانەکانی گیانیان لەدەستداوە.