لە دیمەشق دوو بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران کوژران

رووداو دیجیتاڵ 
 
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، لە هێرشی ئەمڕۆی سەر شاری دیمەشقدا 4 کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە کە بە "راوێژکاری سەربازیی کۆماری ئیسلامی" ناوی هێناون، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی سووریا کوژراون.
 
سوپای پاسداران لەو راگەیێنراوەدا دەڵێ ئیسرائیل هێرشەکەی بە فڕۆکە کردووە. دەشڵێت، دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵی کەناڵی سوپای پاسداران کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، لەو چوار کەسەی کوژراون، دووانیان لە فەرماندەکانی فەیلەقی قودسن بە ناوەکانی حاج سادق ئومیدزادە (حوجەتوڵا ئومێدوار)، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری ئەمنی، لەگەڵ جێگرەکەی بە ناوی حاج غوڵام موحەڕەم (عەلی ئاقازادە).
 
هەروەها "دوو راوێژکارە سەربازییەکەی دیکەی سوپای پاسداران" کە لە هێرشەکەدا کوژراون پێکدێن لە حوسێن محەممەدی و سەعید کەریمی، بەبێ ئەوەی هیچ زانیاریی دیکە لەبارەیانەوە ئاشکرا بکات.
 
پێشتر، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندبوو لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، دوو فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کوژراون.
 
رۆژی شەممە، 20-1-2024، میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل "هێرشی کردە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە دیمەشقی پایتەخت. هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەک لە گەڕەکی مەزە لە ناوچەی سەییدە زەینەب لە باشووری رۆژهەڵات بوو".
  
ئیسرائیل بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سووریا کە ماوەی 12 ساڵە بەردەوامە، سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل چەندینجار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران و گرووپە نزیکەکانی پێگەی خۆیان لە سووریا بەهێز بکەن، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی نزیکە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە.
 
ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و لانیکەم 46 هێرشی کردووەتە سەر سووریا.