عێراق و ئوردن داوای هاوئاهەنگیی زیاتر لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی ئوردن داوا دەکەن هاوئاهەنگی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە بوارەکانی وزە، کشتوکاڵ و نەوتدا زیاتر بکرێت.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و هانی خەساونە، سەرۆکوەزیرانی ئوردن لە پانێڵێکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیدا لە داڤۆس رایانگەیاند، پێکەوەکارکردنی بەغدا، عەمان و قاهیرە سوودی بۆ ئابووریی ناوچەکە دەبێت.
لەتیف رەشید گوتی، دوای چەندین ساڵ لە جەنگ، شەڕی نێوخۆ و "تیرۆر"، عێراق ئامادەیە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری هەنگاوبنێت و لە ئارامکردنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا بەشداربێت.
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاییندەیەکی "گەش"ـی دەبێت، ئەگەر "بتوانێت بێ دەستوەردانی دەرەکی کێشەکانی خۆی چارەسەربکات."
لەتیف رەشید هەروەها باسی لەوە کرد، حکومەتی نوێی عێراق بەنیازە بەرهەمهێنان لە نەوت و گاز و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان زیادبکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی ناوچەکە، کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و هەڵاوسانەوە پاشەکشەی کردووە.
بەڵام بۆ ئەوە، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، عێراق پێویستی بە "پێکەوەکارکردنی هەرێمی و هەندێ یارمەتیی نێودەوڵەتییە لە رووی وەبەرهێنانەوە". گوتیشی: "ئێمە زۆربەی ئاوەکەمان لە وڵاتانی دراوسێوە بۆ دێت. لە زۆر دۆخدا، کێڵگەی نەوتیی هاوبەشمان لەگەڵ کوێت، ئێران و وڵاتانی دیکە هەیە. ئێمە زۆر رێگەمان لە بەردەست نییە، جگە لە پێکەوەکارکردن لەم بوارانەدا".
هاوکات خەساونە گوتی، میکانزمی پێکەوەکارکردنی نێوان عەممان، بەغدا و قاهیرە "بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە کراوەیە."میکانیزمەکە خۆی لە دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی لەسەر سنووری ئوردن و عێراق دەبینێتەوە لەگەڵ دانانی بۆرییەک بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە عێراقەوە بۆ ئوردن و میسر.
سەرۆکوەزیرانی ئوردن هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەوەی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوردن کەمن، پەرەپێدانی سامانی مرۆیی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، فاکتەری گرنگ بوون بۆ بەدەسهتێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی ئوردن.
بە گوتەی خەساونە، لە رێگەی هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سندووقی نەختی نێودەوڵەتی و دامەزراوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە، ئوردن توانیویەتی هەڵاوسان لە 4.2٪ـدا بهێڵێتەوە، کە وەکو خۆی دەڵێت، "رێژەیەکی نزمە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ، ئەوانە نەبن کە سەرچاوەی سرووشتییان هەیە."
هاوکات لەتیف رەشید جەختی لە گرنگیی رۆڵی دامەزراوە تایبەتەکان و سەردەمیانەکردنی یاسا دارایی و رێوشوێنە بانکییەکان کردەوە.
سەرۆککۆماری عێراق گوتیشی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکەوە گرێدراوە و پێویستە بەدەستهێنانی سەقامگیری بۆ دانیشتووانی، کاری لە پێشینەی بێت.