ئیسرائیل داوا لە UN دەکات گوشار بخاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق

رووداو دیجیتاڵ 

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بهێنێت. 
 
درەنگانی شەوی دووشەممە، ساعر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند "ئەم ئێوارەیە نامەیەکم بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاساییش نارد کە تێیدا داوای هەنگاوی دەستبەجێم لە بەرامبەر جموجوڵی میلشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق کرد. خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت."
 
وەزیرەکە هۆشداری دەدات کە ئیسرائیل بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی هەیە بەرگری لە خۆی بکات و دەشڵێت، عێراق "بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بەرپرسە لەوەی رێگەنەدات خاکەکەی وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت."
 
ساعر هەروەها دەڵێت "ئیسرائیل داوا لە حکومەتی عێراق دەکات ئەم ئەرکەی خۆی جێبەجێبکات و هەنگاوی دەستبەجێ بنێت بۆ ئەوەی ئەم هێرشانە بووەستێنێت و رێگرییان لێ بکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل هەموو رێکارێکی پێویست بۆ "پاراستنی خۆی و هاووڵاتییانی" لە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران دەگرێتەبەر.

 

بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل بە درۆن و بەردوامیش جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان نەوەستێندرێن، لەو هێرشانەیان بەردەوام دەبن.
 
رۆژی دووشەممە 18-11-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند "حکومەتی عێراق، نابێت رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە دژی هیچ کەسێک بەکاربهێنێت."