سوپای پاسداران: فەلەستینییەکان ئەم جەنگە دەبەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە بارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە دەڵێت، لەم جەنگەدا، فەلەستین تواناکانی ئیسرائیل هەڵدەوەرێنێت و لە کۆتاییدا فەلەستینییەکان باڵادەست دەبنەوە.
 
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی شەممە لە خۆپێشاندانێکی دژی ئیسرائیل لە تاران گوتی: "فەلەستین بەرەو جەنگێکی لێچۆڕینەوەی تواناکان بەڕێوەیە و قۆناخ بە قۆناخ باڵادەستیی خۆی دەگەڕێنێتەوە."
 
لە خۆپێشاندانەکەی تاراندا ئاڵای ئیسرائیل سووتێنرا و دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"، "مەرگ بۆ ئیسرائیل" و "مەرگ بۆ بەریتانیا"یان گوتەوە. 
 
سەلامی ئاماژەی بەوە کرد، لەنێوبردنی "رژێمی زایۆنی" ئێستا کەوتووەتە دۆخی بێهۆشیی سیاسییەوە و لەنێوبردنی زەحمەت نییە. 
 
سەلامی دەڵێت: "رووخانی ئەم رژێمە زەحەمت نییە. ئەمڕۆ لە دۆخی بێهۆشیی سیاسیدایە و لە یەکەی چاودێریی چڕی ئەمریکادایە، هەرگیز ناتوانێت هەست بە ئارامی، ئاسوودەیی، خۆشبەختی و ئاساییش بکاتەوە."
 
ئێران بە پشتیوانکارێکی سەرەکیی بزووتنەوەی بەرخودانی ئیسلامی (حەماس) و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دادەنرێت، کە لە دژی ئیسرائیل شەڕ دەکەن. 
 
ئەمڕۆ رۆژی 44ـەمی جەنگەکەیە، کە 7ی تشرینی یەکەم، بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردوگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە دەستیپێکرد. ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشەدا نزیکەی هەزار و 200 ئیسرئیلی کوژراون، کە زۆربەیان سڤیلن. هەروەها بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەدا، نزیکەی 240 کەس لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون. 
 
لەو کاتەوەی کە ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی کردووە بۆ سەر غەززە، لانیکەم 52 سەربازی کوژراون. 
 
بەگوێرەی نووسینگە راگەیاندنی دەسەڵاتی کەرتی غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، 12 هەزار و 300 کەس کوژراون، کە زیاتر لە پێنج هەزاریان منداڵ و سێ هەزار و 300ی دیکەشیان ژنن. هەروەها ژمارەی بریندارانیش، بە گوتەی نووسینگەکە، 30 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.